هەڵبژاردن بۆ سێ‌ مانگ دوا دەخرێت

:: AM:09:12:20/04/2024 ‌
میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویان كردەوە، هەڵبژاردن بۆ سێ‌ مانگ دوا دەخرێت و كورسیی پێكهاتەكانیش دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی نیسان، میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویان كردووەتەوە، لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا ئەگەری هەیە دادگای فیدراڵی، پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دابنێت.

باس لەوەش كراوە، گفتوگۆ لەگەڵ دادگای فیدراڵی هەیە و ئەگەری بەهێز هەیە پێنج كورسیی بۆ پێكهاتەكان بخرێتەوە ناو سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

روون كراوەتەوە، كورسییە گشتییەكان دەكرێن بە 95 كورسی و پێنج كورسیش بۆ پێكهاتەی توركمان و مەسیحی دەبن.

لەبارەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە كراوە، لە پێناو تێكنەچوونی دۆخی سیاسیی هەرێم، هەڵبژاردن بۆ كۆتایی مانگی 10 دوا دەخرێت و تێبینییەكانی پارتی جێبەجێ‌ دەكرێت.

بەهۆی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كە پێچەوانەی یاساكانی هەرێمی كوردستانە، دەستوەردانی وڵاتێكی ناوچەكە لە هەڵبژاردن، پارتی بڕیاری داوە بایكۆتی بكات و بەشداری هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەكات.



وشە - رامیار جەواد