ئاسایشی یەكێتی دەوری لایەنگرانی پەكەكەی دا و پەرتی كردن

:: PM:03:46:22/04/2024 ‌
ژمارەیەك لە لایەنگرانی پەكەكە ویستیان لە سلێمانی خۆپێشاندان بكەن، بەڵام ئاسایش دەورەی گرتن و پەرتی كردن، ڕێی نەدا یاداشتی ناڕەزایەتیش بخوێننەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، هێزێكی زۆری ئاسایش سلێمانی چواردەوری نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی دەگرن، بۆ رێگرتن لە خوێندنەوەی یاداشتێك و پێشكەشكردنی بە پەرلەمانتارانی عێراق لە دژی هاتنی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ عێراق و كوردستان.

لەگەڵ گردبوونەوەی چالاكان كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك رۆشنبیر و پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان، هاوكات ژمارەیەك رۆژنامەنووس و كەناڵی میدیاش كە بۆ رووماڵكردنی چالاكییەكە هاتبوون، هێزەكانی ئاسایش بە پاڵ و دەنگ بەرزكردنەوە و هەڕەشەی گرتن، كەوتنە دەركردنی چالاكان و رۆژنامەنووسان لە بەردەم باڵەخانەی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق كە ئێستە لە سەرووی ئەمنە سوورەكەوەیە لە ناو رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەتە.

هێزەكانی ئاسایش بە زۆر و پاڵنان و هەڕەشەكردن، چالاكەكان و رۆژنامەنووسانیان دەركرد و نەیانهێشت چالاكییەكە ساز بكرێت، لەو ناوەدا كێ گفتوگۆی لەگەڵدا بكردنایە، هەڕەشەی گرتنیان لێ دەكرد.

شوان محەمەدی رۆژنامەنووس و چالاكان ستارە عارف و پەروا عەلی كە پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بوون، خرانە ئۆتۆمبێلی گرتنی ئاسایشەكانەوە و بەماوەیەك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەدا هێڵرانەوە، دواتر برانە شوێنێكی دوور لە جێی چالاكییەكە ئازاد كران.



وشە - رامیار جەواد