لەڕێی هەولێر-دهۆك خێرا باژۆ

:: PM:04:10:22/04/2024 ‌
هاتوچۆی پارێزگای دهۆك بڕیاری دووبارە رێكخستنەوەی كامێراكانی هاتوچۆی داوە، خێرای بەشێكیان زیاد دەكرێ‌ كە گلەیی زۆری هاووڵاتییانی لەسەر بوو.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، خێرایی ڕێپێدراوی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل لە ڕێی نێوان دهۆك – هەولێر، نێوان شارەدێی ڕۆڤیا تا بازگەی "چەمە"، لە 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا دەكرێتە 110 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.

ئاماژە بەوەیش كراوە، لە سبەیەوە ئەو بڕیارە بۆ بەرژەوەندیی شوفێران دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

لەبارەی خێرایی ڕێپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی دهۆك دەڵێت، خێرای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەك خۆی دەمێنێتەوە، واتا 80 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.

زیاتر لە مانگێكە كامێرای خێرا لە نێوان هەولێر- دهۆك جێگیر كراوە، ئەوەیش وایكردووە رووداوەكانی هاتوچۆ كەمتر ببنەوە.



وشە - رامیار جەواد