پڕۆژە گرنگەكەی توركیا و عێراق كە واژوویان كرد قووڵاییەكەی هەولێرە

:: AM:10:48:23/04/2024 ‌
پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدانی نێوان توركیا و عێراق، دوێنێ‌ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، سەرپەرشتی واژووكردنیان كرد و بەرپرسێكی عێراقیش وردەكاریی دەخاتەروو.

پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان، هاوكاریی گەشەی ئابووری و پتەوكردنی پێوەندییەكانی هاریكاری هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەڕێی بەدیهێنانی یەكخستنی ئابووری دەكات و ئابووری ناوچەكە بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم باسم عەواد گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگەری لە ڕێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا دەبێت، پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان ئابووری هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە بە هەولێر و دهۆك بۆ توركیا تێپەڕ دەبێت و دەبێتە بڕبڕەیەكی گرنگی ئابووری وڵات.

دوای واژووكردنی پڕۆژەكە، بڵاو كرایەوە تێچووی پڕۆژەكە 17 ملیار دۆلارە و لە بەندەری فاو لە باشووری عێراق دەست پێ دەكات و بە شارەكانی دیوانیە، نەجەف، كەربەلا، بەغدا و مووسڵدا تێدەپەڕێت، دواتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای شرناخ دەچێتە ناو خاكی توركیاوە و دەگاتە بەندەری مێرسین لەسەر دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.


وشە - رامیار جەواد