ئەو پارەیەی بەرپرسان بردبوویان عێراق دەیەوێ بیگەڕێنێتەوە

:: PM:07:01:24/04/2024 ‌

عێراق لە هەوڵدایە، ئەو پارانەی چەند ساڵە بەرپرسان بە گەندەڵی دەیخەنە بانكەكانی سویسراوە، حكوومەتەكەی سوودانی دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی نیسان، حەیدەر حەنوون سەرۆكی دەستەی دەسپاکیی عێراقی و سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گەڕانەوەی پارەكانی عێراق ڕای گەیاند، پێویستە هەموو وڵاتان هاوكار بن لەژێر ڕێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تا پارە دزراوەكانی عێراق بگەڕێنرێنەوە.

لە دانیشتنێكدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و دادی سویسرا، لەسەر ئەوە كۆك بوون كە عێراق پابەند دەبێت بە ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان لەبارەى ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەو هیوایەی سویسراش هاوكار بێت بۆ ئەوەی پارە دزراوەكانی بەهۆی گەندەڵیی بەرپرسانەوە بگەڕێنەوە، ئەو پارانە خراونەتە بانكە جیهانییەكانەوە.

سەرۆكی دەستەی دەسپاکى، شێوزای ئەو هاوكارییەی لەگەڵ سویسرییەكاندا ڕوون كردەوە و خاڵەكانی جیاوازی و هاوبەشی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە نێوان عێراق و سویسرا دەستنیشان كرد و داواشی كرد كە سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە ببینرێت لە ڕێی بەخشینی زانیاری و خولی تایبەتەوە و ڕێككەوتنی لێكتێگەیشتن واژوو بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو پارە دزراوەكان بگەڕێنرێنەوە و تۆمەتبارانیش ڕادەست بكرێن.


وشە - عەبدوڵا عومەر