به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی بازرگانیى هه‌رێم راى ده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستە له هه‌رێمى كوردستان وه‌رزى دروێنه نه‌هاتووه، به‌غدا لەکوێ پاره بۆ گه‌نمى جوتیاران بنێرێت تا دیار نه‌مێنێت.
ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه میدیاكانى یه‌كێتى هه‌واڵێكى دوور لە راستییان، له‌باره‌ى پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بڵاو کردووەتەوە، کە گوایه به‌غدا پاره‌كه‌ى ناردووه و دیار نه‌ماوه.
له‌مباره‌یەوه نه‌وزاد شێخ كامیل، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بازرگانیى هه‌رێم به "وشه"ى راگه‌یاند، باسكردنى پاره بۆ گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان، گوایه به‌غدا ناردوویه‌تى هیچ بنه‌مایه‌كى نییه، خۆ هێشتا له هه‌رێمى كوردستان مانگێكى تر وه‌رزى دروێنه ده‌ست پێ ده‌كات.
گوتیشى، ده‌بێت ده‌ست به پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم بكرێت و دواتر قۆناغ به قۆناغ پاره‌كه بنێردرێت، هیچ راست نییه به‌غدا پاره‌ى ناردبێت، به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌رگرتنى گه‌نم پاره ده‌نێرێت.
ئه‌نوه‌ر سه‌عید، جوتیار به "وشه"ى راگه‌یاند، له هه‌رێمى كوردستان له ناوچه گه‌رمه‌كان له دواى 20ى ئایار دروێنه ده‌ست پێ ده‌كات، به گشتیش له مانگى حوزه‌یران ده‌رگاى سایلۆكان ده‌كرێنه‌وه و ده‌ست به وه‌رگرتنى گه‌نم ده‌كرێت، له‌كوێ به‌غدا پاره‌ى ناردبێت بۆ گه‌نم كه هێشتا گه‌نم سه‌وزه.