مەسروور بارزانی: ئەم هێرشانە لە ناوچەیەكی نزیك لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن

:: PM:11:12:26/04/2024 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی كۆرمۆر دەكات، راشی گەیاند كە وەزارەتی تەندروستی راسپاردووە هەموو هاوكاری و پاڵپشتییەكی پێویست پێشكەش بكات و هاوكات لە پەیامەكەیدا رای گەیاندووە كە ئەم هێرشانە لە ناوچەیەكی نزیك لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن بۆیە پێویستە حكوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەكی رژد لێكۆڵینەوە بكات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بكات. 

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت هاتووە،  وەزارەتی تەندروستیم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.

لە درێژەی پەیامەكەیدا سەرۆكی حكوومەت ئاماژە بە زانیارییە سەرەتاییەكان لەبارەی شوێنی ئەنجامدانی هێرشەكان دەكات و نووسیوویەتی، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەم کە بە شێوەیەکی رژد لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات،  بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن. 

"چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە،  دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن." لە بەشێكی تری پەیامەكەی مەسروور بارزانیدا وا هاتووە. 

لە بەشێكی تری پەیامەكەی مەسروور بارزانی هاتوە، هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات، ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن.

لە كۆتایی پەیامەكەیشدا هاتووە، ئامادەین لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود