روونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حكوومەتەوە لەبارەی رەوشی كارەبا

:: PM:11:24:26/04/2024 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، ئێستە تەنیا هەزار و 260 مێگاوات كارەبامان هەیە و تیمەكان سەرقاڵی ئەوەن بە زوویی بتوانن بڕی بەرهەمهێنانی غاز بەرز بكەنەوە و كەمی كارەبا درێژە نەكێشێت. 

ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024، پێشەوا هەورامی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی رەوشی كارەباوە رای گەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڕی دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا كەم بووەتەوە. 

هەورامی روونی كردووەتەوە،  ئێستە تەنیا بڕی هەزار و 260 مێگاوات کارەبامان هەیە، تیمە تایبەتمەندەکان سەرقاڵی ئەوەن کە بەزوویی بتوانین بڕی بەرهەمهێنانی غاز بەرزبکەنەوە و کەمی کارەبا درێژە نەکێشێت.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024 هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و حكوومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند بەهۆی هێرشەكەوە چوار كرێكاری بیانی گیانیان لە دەست داوە و لای خۆشییانەوە هەردوو وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و كارەبای حكوومەتی هەرێمیش لە ئاگادارییەكیاندا بەهۆی هێرشەكە رایان گەیاند، ئاگەداری هاوبەشانی كارەبا دەکەینەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لە ئاگادارییەكە ئاماژە بەوەیش كراوە، ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.


وشە - پۆڵا مەحموود