هێرشەكەی سەر كۆرمۆر كاریگەریی لەسەر پێدانی ئاو بە سلێمانی كردووە

:: AM:09:51:27/04/2024 ‌
بەهۆی هێرشەكەی دوێنێی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، تا كاتێكی نادیار دابەشكردنی ئاو لە سلێمانی راگیرا كە هۆكارەكەشی كەمبوونەوەی كارەبایە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی هێرشەكەی كۆرمۆر، بەنداوی دوكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ئاوی زیاتری بەرداوەتەوە كە خۆڵ و خاشاكێكی زۆری لەگەڵ خۆی هێناوە.

باس لەوەش كراوە، بەردانەوەی زیاتری ئاوی دوكان زیان بە پڕۆژەكانمان دەگەیەنێت، بۆیە لە پێناو پاراستنی پڕۆژەكانمان تا كاتێكی نادیار پڕۆژەكانی دابەشكردنی ئاو ڕادەگرین.

ئێوارەی دوێنێ‌ لەلایەن درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانی لە دەست دا و چەندانی تریش بریندار بوو، بەرهەمهێنانی غاز لەو كێڵگەیە وەستێنرا و بووە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی دوو هەزار و 500 مێگاوات.

ئەو هێرشە لە كاتێكدایە چەندان جاری تریش لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، هێرش بۆ سەر ئەو كێڵگەیەی بەرهەمهێنانی غاز ئەنجام دراوە، هەشتەمین جارە هێرش دەكرێتە سەر كێڵگەكە.



وشە - رامیار جەواد