شاندێكی حكوومەتی كوردستان و عێراق سەردانی كۆرمۆر دەكەن

:: AM:10:08:27/04/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، شاندێكی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، سەردانی كێڵگەكە لە سنووری چەمچەماڵ بكەن، لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی نیسان، سەرچاوەیەك لە چەمچەماڵ بە "وشە"ـی راگەیاند، شاندێكی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، سەردانی كێڵگەكە لە سنووری چەمچەماڵ دەكەن، لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە دەكەن. 

زیاتر گوتی شاندی هەرێمی كوردستان، پێكهاتوون لە وەزیری سامانە سروشتییەكان و بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەكەن.

ئەوەیش زانراوە شاندەكەی عێراق لەسەر راسپاردەی سوودانی سەردانی شوێنەكە دەكەن و لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان راپۆرتێك ئامادە دەكەن و ئاراستەی هەردوو حكوومەتی دەكەن.

ئێوارەی دوێنێ‌ لەلایەن درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانی لە دەست دا و چەندانی تریش بریندار بوو، بەرهەمهێنانی غاز لەو كێڵگەیە وەستێنرا و بووە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی دوو هەزار و 500 مێگاوات.

ئەو هێرشە لە كاتێكدایە چەندان جاری تریش لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، هێرش بۆ سەر ئەو كێڵگەیەی بەرهەمهێنانی غاز ئەنجام دراوە.



وشە - رامیار جەواد