نۆ قوتابیی خاوەن پێداویستی تایبەت پەیمانگەیان تەواو كرد

:: AM:08:49:28/04/2024 ‌
بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان نۆ قوتابیی نابیست بڕوانامەی دیپلۆمیان بە دەست هێنا.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ی نیسان، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، نۆ قوتابیی نابیست پەیمانگەی تەكنیكی كارگێڕیی هەولێریان تەواو كرد.

زیاتر گوتی، ئەو قوتابیانە لە بەشی سیستمی زانیاری بوون،  ئەم سەركەوتنە لە كاتێكدایە پێشتر قوتابیانی نابیستی ئێمە تەنیا بۆیان هەبوو تا پۆلی نۆی بنەڕەتی بخوێنن و دواتر لە ماڵ دانیشن.

باسی لەوەش كرد، ئەم ناحەقییە بەرانبەر بەم قوتابییە خۆشەویستانە وای لە ئێمە كرد، هەوڵێكی زۆریان بۆ بدەین و ڕێی درێژەدان بە خوێندنیان بۆ بكەینەوە.

لە كۆتایی قسەكانی رای گەیاند، سوپاس بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی لە وەزارەتی كار و وەزارەتی پەروەردە لە گەڵماندا هاوكار بوون، سوپاس بۆ بەڕێوەبەری پەیمانگەكەمان، ستافی پەیمانگەكەمان لە ناویاندا ئەم مامۆستا بەڕێزانەی لەبەر خاتری قوتابییەكانمان ئامادە بوون لە قوتابخانە نوێیەكەیان تەنسیب بكرێن، لە سەرووی هەموویانەوە مامۆستا سەیران شێخ محەمەد، دووبارە پیرۆزە لە قوتابیانی خۆشەویستی ئێمە.


وشە - رامیار جەواد