لە كەركووك كچێكی سێ مانگان كۆرپەڵەیەكی شێواویان لە سكیدا دەرهێنا

:: AM:09:03:07/05/2024 ‌
لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی كەركووك، نەشتەرگەرییەكی دەگمەن ئەنجام درا كە لە دنیادا كەمتر لە 100 حاڵەتی لەو شێوەیە تۆمار كراوە.

زیاد خەڵەف بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركووك رای گەیاند، تیمێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان، توانیان نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بۆ كچێكی سێ مانگان ئەنجام بدەن كە بەدەست رشانەوەی بەردەوام دەیناڵاند، چونكە لە دوای لە دایكبوونیەوە گرێیەكی گەورە لە سكیدا بوو كە بووبووە هۆی ئەوەی قەبارەی سكی لەگەڵ تەمەنی منداڵەكەدا نەگونجاو بێت.

بە قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە بێت، منداڵەكە راستەوخۆ لە هۆڵی نەشتەرگەریی منداڵان وەرگیراوە و دوای ئەوەی پشكنینی تاقیگەیی و تیشك و سۆنەری بۆ كراوە، دەست كراوە بە نەشتەرگەرییەكە و گرێیە گەورەكە كۆرپەڵەیەكی شێواو بووە و لە ریخۆڵەی منداڵەكە جیا كراوەتەوە.

ئەم حاڵەتانە دۆخێكی ئاورتەی دەگمەنن و لە هەموو دنیادا تا ئێستە 100 حاڵەتی وا تۆمار كراون، لەڕووی زانستییەوە دەكرێت ئەمانە ڕوو بدەن، بەڵام لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە شۆكن بۆ خەڵك.



وشە - سۆران عەزیز