ڕووسیا ئاهەنگی یادکردنەوەی سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانیی دووەم گێڕا

:: PM:04:10:09/05/2024 ‌
ڕووسیا ئاهەنگی یادکردنەوەی سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانیی دووەم گێڕا، ئەمەیش دوای سەرکەوتنی ڕووسەکان بەسەر نازییەکاندا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ساڵی 1945، لە ئاهەنگەکەدا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا دووبارە نازییەکانی شەرمەزار کرد و ڕۆژئاوای وەک پاڵنەری شەڕ و کێشەکان پێناسە کرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئایار پێگەی ''ئەسۆشیەتد پرێس'' بڵاوی کردەوە، سەرەڕای زۆری ژمارەی ئەو سەربازە ڕووسییانەی لە جەنگی جیهانیی دووەم گیانیان لەدەست دا، بەڵام ڕووسەکان بە سەرۆکایەتیی ڤلادیمێر پوتن ئاهەنگی سەرکەوتنیان بەسەر ئەڵمانییەکاندا گێڕا. 

پوتن لەو دەمەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی سەرکەوتن ناساندووە، ڕۆژەکەی بەرز نرخاندووە و سەرکەوتنی جەنگی جیهانیی دووەمی کردووەتە دەسکەوتی سۆڤیەت، پوتن ڕۆڵی سەربازانی سوپاکەی بەرز نرخاند لە شەڕی ئۆکراینا، هەروەها ڕۆژئاوای بە قووڵکردنەوەی شەڕەکە تۆمەتبار کرد. 

لە ئاهەنگگێڕانەکەی سوپای ڕووسیادا مانۆڕی سەربازی کرا و مووشەک و بۆمبی ئەتۆمی پێشکەش کرا، دووپاتکردنەوەى پوتن لەسەر سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا، هەوڵدانی ئەو سەرۆکەیە بۆ فراوانکردنی سنووری ڕووسیای مۆدێرن و دووبارە زیندووکردنەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.


وشە - ئارا هێمن