هەسارەیەکی هاوشێوەی زەوی دۆزرایەوە

:: AM:11:15:24/05/2024 ‌
زانایان لە زانکۆی وارویکی بەریتانیا بڵاویان کردەوە وەک بەشێک لە تیمێکی نێودەوڵەتی، توانیویانە هەسارەیەکی هاوشێوەی زەوی بدۆزنەوە.

ئەو گرووپە لە زانایانی بەریتانیا کە لەگەڵ ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا کار دەکەن ئاماژەیان داوە هاوینی ئەو هەسارەیە گەرمە کە ناویان لێ ناوە ''گلیس 12'' و لە دەگمەن هەسارەکانە کە ئەگەری ئەوەی هەیە مرۆڤ بتوانێت تێیدا بژیت.

هەسارەکە زۆر لە زەوی دوورە و بۆیەش ناکرێ راستەوخۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە هەسارەکە بکرێت. ئەو هەسارەیە 40 ساڵی تیشک لە زەوییەوە دوورە.

خێرایی تیشک 300 هەزارکیلۆمەترە لە چرکەیەدا ئەوجا تیشک لە ماوەی 40 ساڵدا دەتوانێت بەو هەسارەیە بگات.

دکتۆرتوماس ویڵسن ئەستێرەناسی بەناوبانگی زانکۆکە ئەو دۆزینەویەی بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار کردووە و پێی وایە یارمەتی زانایان دەدات تا باشتر لە هەسارەکانی تر بکۆڵنەوە.

بەگوێرەی بی بی سی، پلەی گەرمیی ئەو هەسارەیە بە 42 پلە خەمڵێنراوە بەڵام هێشتا زانایان دڵنیا نین لەوەی ئەو هەسارەیە هاوشێوەی زەوی ئەتمۆسفێری هەیە یان نا.

قەبارەی هەسارەکە نزیکە لە قەبارەی زەوی و هەر 12.8 رۆژ جارێک بە دەوری ئەستێرەکەیدا دەسووڕێتەوە.  ئەو وزەیەی هەسارەکە لە ئەستێرەکەی وەری دەگرێت 1.6 هێندەی ئەو وزەیەیە کە زەوی لە خۆری وەردەگرێت.

ئەو تیشکەی لەو ئەستێرەیە مرۆڤ توانای هەیە بیبینێت هی ساڵی 1984ە واتە وێنەکان هی 40 ساڵ لەمەوبەرن. 



وشە - سلێمان تاشان