باشیك.. پێوەندییەكانی توركیا و بەغدا بۆ خاڵی سفر دەگەڕێنێتەوە

:: AM:10:13:20/01/2018 ‌

دۆسیەی مانەوە و كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە چیای باشیكی باكوری شاری مووسڵ، دووبارە دێتەوە بەرباس و پێشبینی دەكرێ پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و توركیا بۆ ئاستێكی خراپ بگەڕێنێتەوە، توركیا دووپات لەوە دەكاتەوە هێزەكەی لە باشیك ناگێڕێتەوە تا عێراق پەكەكە لە باكور و باكوری ڕۆژئاوای مووسڵ و سنوورەكانی عێراق دەرنەكات.

بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای كرد، هێزەكانی توركیا لە باشیك هیچ كات پلانی كشانەوەیان نەبووە و نییانە، ئەوان سوورن لەسەر مانەوە، هۆكارەكەیشی بۆ بوونی هێزەكانی پەكەكە لە باكور و باكوری رۆژئاوای مووسڵ دەگەڕێننەوە كە نزیكە لە سنوورەكانی توركیاوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیك وەزیری دەرەوەی توركیا "مەولوود چاوش ئۆغڵو" سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆ بێتەوە.

ئەنكەرە لە بەرانبەر كشانەوەی هێزەكانی لە باشیك مەرجی داناوە، مەرجەكەیشی برتیییە لە دەركردن و دوورخستنەوەی تەواوی هێزەكانی پەكەكە لە عێراق، چونكە چەكدارانی پەكەكە ئەو ناوچانەی عێراق بەكار دەهێنن و خۆیان ڕێكدەخەنەوە و لەوێوە دێن بەرەو سنوورەكانی توركیا و لە ناو خاكی توركیا كردەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن. بۆیە توركیا مانەوەی خۆی لە باشیك وەك بەشێك لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێ، بۆ ڕێگری لە گەیشتنی چەكدارانی پەكەكە بە سنووری توركیا و تێكدانی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكە.

وەزیرێكی عێراقی لە حكوومەتی عەبادی بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند حزبەكانی شیعە و بەشێك لە سەركردەی میلیشیاكان پەستانی زۆریان خستووەتە سەر هێزەكانی عێراق بۆ دووبارەكردنەوەی دۆسیەی بوونی هێزەكانی توركیا لە باكوری عێراق و پێویستی دەركردنی ئەو هێزانە، بۆیە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا تەنگژەیەكی تر لە پێوەندییەكانی بەغدا و توركیا دەست پێ بكاتەوە، بەغدایش ئێستە نایەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ڕوو لە خراپی بكەن، بەهۆی هەستیاری دۆسیەی هەرێمی كوردستان و پرسی هێزەكانی كورد لە سووریا و كۆدەنگی وڵاتان لەسەر ڕێگری لە گەیشتنی كورد بە ئامانجەكانی.

ئەنكەرە بەڵێنی داوە بە خێرایی هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، ئەگەر هاتوو بەغدا گرەنتی ئەوە بە توركیا بدات، كە لەناو خاكی وڵاتەكەی هیچ هەڕەشە و هێرشێك ناكرێتە سەر ناوخۆی توركیا لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە، بەغدایش بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ ئەو گرەنتییە بدات.

لەبارەی هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیاش بۆ بەغدا ئەو وەزیرەی عێراق ڕای گەیاند، دۆسیە و بابەتی زۆر تاوتوێ دەكرێن، گرنگترین پێشووەچوونەكانی باكوری عێراق و سنووری سووریا و پرسی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی توركیا و هەمووی لە بەغدا دەخرێنە بەرباس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د