رۆمانى "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" له‌لایه‌ن جان دۆست نووسراوه، ئه‌م رۆمانه باس له كوشتنى كۆمه‌ڵێك هاووڵاتیى شارى عاموودا ده‌كات به ده‌ست ئاسایشى یه‌په‌گه. راستى رووداوه‌كه ئه‌وه‌بوو له 27/ حوزه‌یرانى ساڵى 2013 كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكى عاموودا خۆپیشاندانیان ساز كرد له دژى گرتنی كه‌سانێك له‌لایه‌ن ئاسایشى په‌یه‌ده‌وه، به‌ڵام ئاسایش ته‌قه‌ى له خۆپیشانده‌ران كرد و له ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك شه‌هید و بریندار بوون.
له رۆمانه‌كه ناوى كه‌سه‌كان هه‌موویان راسته‌قینه‌ن، رووداوه‌كه راسته‌قینه‌یه، كه‌چى به نووسینى ئه‌م رۆمانه جان دۆست رووبه‌ڕووى ره‌خنه بووه‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌ك له‌و دیمانه‌ى "وشه"دا باسی ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنیشى لێ كراوه.
تۆ وه‌ك رۆماننووسێك كۆمه‌ڵێك رۆمانت نووسیوه، به‌ڵام رۆمانى "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" پرسیارگه‌لێكى ورووژاند، له سه‌ره‌تادا وشه‌ى "پرسیارگه‌ل" به‌كار ده‌هێنێن و جارێ باسى هه‌را و زاناى رۆمانه‌كه ناكه‌ین، تۆ جیاوازى ئه‌م رۆمانه له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كانى ترت له چیدا ده‌بینی؟
له سه‌ره‌تادا چوار رۆمانه‌كه‌ى ترم به زمانى كوردى نووسیوه، بیرم له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه به زمانى عه‌ره‌بى رۆمان بنووسم، به‌ڵام كه ئه‌و رۆمانه هات، خۆی خۆى به‌سه‌رمدا سه‌پاند كه به زمانى عه‌ره‌بى بینووسم، دووه‌م من شه‌یداى رۆمانى مێژووییم، هێشتا ئه‌و خووه‌م ماوه، به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا وه‌رچه‌رخانێكى توند رووی داوه، بۆیه له‌باره‌ى رووداوێكى كاره‌ساتئامێزم نووسیوه كه خۆم شاهێدحاڵى روودانه‌كه‌ى بووم، بۆیه وه‌ك رۆمانه‌كانى پێشووم وه‌ك خووى خۆم نه‌گه‌ڕامه‌وه سه‌ر مێژوو، به‌ڵكو له جه‌رگه‌ى ئه‌و واقیعه‌ى تێیدا ده‌ژین، كه‌ره‌سته‌ى رۆمانه‌كه‌م وه‌رگرتووه، ئه‌ویش واقیعى جه‌نگ و داعش و خوێنڕشتنى به ئاسانى و بێ لێپرسینه‌وه‌یه.
هه‌ڵبه‌ته هه‌ر نووسه‌رێك مافى خۆیه‌تى كار له‌سه‌ر بیرۆكه‌ى خۆی بكات، بۆیه ئێسته پرسیارێكمان به‌و شێوه‌یه ده‌كه‌ین: چ هۆكارێك له دواى نووسینى ئه‌م رۆمانه بوو؟
من وه‌ك رۆشنبیرێك نه‌متوانى بێده‌نگ بم، زۆر له رۆشبیرانى رۆژئاوا كپ بوون، بێده‌نگ بوون له به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى به‌داخه‌وه لایه‌نێكى كوردى ئه‌نجامى داوه. له‌وه تێنه‌گه‌یشتم چۆن ده‌كرێت رۆشنبیر له رشتنى خوێنى كه‌سانى بێگوناه بێده‌نگ بێت! ئایا ماقووڵه رژێمێكى فرمانڕه‌وا (كورد یان غه‌یره كورد) كوشتارگه‌یه‌ك ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكى بێگوناه ئه‌نجام بدات و رۆشنبیریش بێده‌نگ بێت؟ ئایا پیشه‌ى رۆشنبیر بێده‌نگبوون و ئه‌نجامدانى ئاگربه‌سته له‌گه‌ڵ سته‌مكاران، یان ده‌بێت به‌ڕووى ئه‌واندا هاوار بكات؟
من له‌م رۆمانه‌ى "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" به‌هێزه‌وه هاوارم كرد، به‌ڕووى كوردێكدا كه سته‌مكاره، كوردبوونى ئه‌و به‌ربه‌رست نه‌بوو له‌وه‌ى رێسواى بكه‌م. به‌هێزى هاواره‌كه‌شم به بارته‌قای ئه‌و ئازاره بێشووماره بوو كه ئه‌م كوشتارگه كوردییه بۆى دروست كردم، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كوشتارگه‌ى كورد ده‌رهه‌ق به كورد.
به‌ڕاشكاوى ده‌ڵێن ئه‌م رۆمانه‌ت له دژى په‌كه‌كه نووسیوه؟ سه‌رنجى تۆ چییه؟
ئه‌م قسه‌یه هیچ واتایه‌كى نییه، یه‌كه‌م چونكه پارتى كرێكارانى كوردستان حزبێك نییه له سه‌رووى ره‌خنه‌گرتن بێت، به پێچه‌وانه‌وه به تێڕوانینى من ئه‌م حزبه هه‌ڵه‌ى ستراتیجیى كوشنده ده‌كات و كاروانى كوردایه‌تى به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات. بێگومان هه‌ندێك كه‌س له‌وانه‌ى عه‌قڵیان بچووكه ئه‌و ره‌خنانه‌ى من وا لێك ده‌ده‌نه‌وه گوایه من سه‌ر به پارتیم، ئه‌مه‌ش درۆیه‌كى گه‌وره‌یه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ تیرۆرى فیكرى له دژى من ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه یه‌كسه‌ر ده‌ڵێن: ئه‌و پیاوه جنێو به شه‌ڕڤانه شه‌هیده‌كان ده‌دات. ئه‌مه‌ش گومڕاكردنى خه‌ڵكه. ئه‌گه‌ر جگه له پارتى كرێكارانیش ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ى ئه‌نجام بدایه، ئه‌وا من رێسوام ده‌كرد.
با ئه‌و كه‌سانه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر رۆمانى "مژاباد" كه چۆن ره‌خنه‌م له حكوومه‌ته‌كه‌ى كۆمارى مه‌هاباد گرتووه، به‌هۆى كوشتنى كه‌سایه‌تییه‌كى مه‌هابادیى ده‌وڵه‌مه‌ند كه تاكه‌كه‌س بووه له سه‌رده‌مى كۆماره‌كه كوژراوه، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌م له كوشتنى سه‌رده‌شت گرتووه و له‌گه‌ڵ 40 رۆشنبیرى توركیا و سووریا به‌یاننامه‌مان بڵاو كردووه‌ته‌وه، ره‌خنه‌م له كوشتنى خۆپیشانده‌رانى سلێمانى گرتووه كه به‌ده‌ست ئاسایش له خۆپیشاندانه‌كانى شوبات كوژراون.
كه‌چى له رۆژئاڤا ده‌سه‌ڵاتێكى فاشى دروست بووه و هاووڵاتییان سه‌ركوت ده‌كات، ده‌یانگرێ و ده‌یانڕفێنێ، منداڵ و هه‌رزه‌كار ده‌كاته چه‌كدار و به‌ره‌و جه‌نگ راپێچیان ده‌كات، له شه‌قامه‌كان خۆپیشانده‌ران ده‌كوژێت، ئایا ده‌كرێت به سووك و سانا بێ ره‌خنه به‌لاى هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌دا تێپه‌ڕ بم؟ كه‌سانى ساویلكه باس له قوربانییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ره‌خنه له حزبێك ناگرین كه هێنده قوربانى و شه‌هیدى داوه، وه‌ك ئه‌وه‌ى حزبه‌كه له گیرفانى خۆى قوربانى دابێت، نه‌ك قوربانى به‌گیانى خه‌ڵكى ساده دابێت كه ئه‌گه‌رى تریان نییه.
سه‌دامیش له جه‌نگه بێ شوماره‌كانى قوربانى به گه‌لى عێراق داوه، هیتله‌ر به‌هه‌مانشێوه، زۆر له فاشیسته‌كان جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێنن، ئایا ده‌بێت له به‌رانبه‌ر تاوانه‌كانیان بێده‌نگ بین؟ له بنه‌ڕه‌تدا فاشیست و سته‌مكاره‌كان بۆ ئه‌وه جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێنن تا سته‌مى خۆیان په‌رده‌پۆش بكه‌ن و خه‌ڵك بێده‌نگ بكه‌ن، لێره‌دا گوته‌یه‌كى عه‌ره‌بیم بیر كه‌وته‌وه كه ده‌ڵێ "هیچ ده‌نگێك له ده‌نگى جه‌نگ به‌رزتر نییه".
من سه‌رم سوڕماوه له‌و پێوه‌ره دووفاقییه‌ى هه‌ندێك له رۆشنبیران به تایبه‌تى له هه‌رێمى كوردستان و كوردستانى باكور به‌كارى دێنن، ئه‌وان ده‌بنه پاڵه‌وانى ده‌سته‌بژێر و داكۆكى له ئازادى راده‌ربڕین ده‌كه‌ن و ره‌خنه له فه‌رمانڕه‌وا ده‌گرن، چونكه له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كوشتنێك رووی داوه، كه‌چى له به‌رانبه‌ر تاوانى ئه‌و حزبه بێده‌نگ ده‌بن كه خۆیان لێى نزیكن. بۆ نموونه كاتێك سه‌رده‌شت له‌لاى هه‌ندێك رۆشنبیر ده‌بێت به ئایكۆن و ره‌مزى دژ به‌سته‌مكاریى، كه‌چى هه‌ر ئه‌و رۆشنبیرانه‌ن ئاوڕ له سه‌عد سه‌یدا و به‌رزانى قرنۆ و شێخموس و عه‌لى ره‌ندى و نادر خه‌لۆ، ئاراس به‌نگۆ ناده‌نه‌وه كه له یه‌ك رۆژدا له شارى عاموودا ئاسایشى كورد ئه‌وانى كوشت.
ئایا خوێنى سه‌رده‌شت له خوێن ئاراس جیایه؟ ئایا ده‌نگێكى ئازاد له هه‌رێمى كوردستان به‌رز بووه‌وه تا رسواى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌مرى واقیع بكات كه له رۆژئاوا هه‌یه؟ باشه با وا دابنێین ئه‌وان ئه‌و تاوانانه‌یان نه‌بیستووه. ئه‌وه‌تا من له رۆمانه‌كه‌م نموونه‌یه‌كم پێشكه‌ش كردووه، ئه‌ى بۆچى دژایه‌تیم ده‌كه‌ن؟ یه‌كێك له رۆشنبیرانى هه‌رێمى كوردستان له په‌یجه‌كه‌ى نووسیویه‌تى ئه‌گه‌ر هه‌واڵگریى توركیا ده‌زانێ رۆمانى "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" هه‌یه، ئه‌وا به ملیۆنان دانه‌ى لێ چاپ ده‌كات!
من ده‌پرسم ئایا ئه‌وه‌ى له رۆمانه‌كه نووسراوه درۆیه یان راسته‌قینه‌یه؟ ئایا من له‌باره‌ى كه‌سانى خه‌یاڵیم نووسیوه یان كه‌سانى راسته‌قینه كه به فیشه‌كى كورد كوژران؟ چ گرنگه شوناسى بكوژ كوردى بێت یان عه‌ره‌ب؟ سته‌م هه‌ر سته‌مه، من هه‌میشه ده‌ڵێم ئه‌و كه‌سه ده‌به‌نگانه راستیى سته‌م ناناسن، به‌ر له هه‌موو شتێك با پێداچوونه‌وه بۆ چه‌مكه ئه‌خلاقییه‌كانى خۆیان بكه‌نه‌وه.
من كاتێك رۆمانه‌كه‌م خوێنده‌وه، تێگه‌یشتم كه تۆ ره‌خنه له مێژووى پارتى كرێكاران و هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتى سیاسیى ئه‌وان ده‌گریت له رۆژئاوا، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ى هه‌ندێك كه‌س جیا بوو وه‌ك له فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت گه‌یشته هه‌را و تۆمه‌تباكردنى تۆ. چى له پشت ئه‌و هه‌را و زه‌نایه‌یه؟ ئایا په‌كه‌كه كاردانه‌وه‌ى راسته‌وخۆى هه‌بووه؟
ته‌نیا تۆمه‌تباركردن و درۆ و ده‌له‌سه نه‌بوو، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه به‌وه گه‌یشت چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنم لێ كرا، منیش له‌لایه‌ن پۆلیسى ئه‌ڵمانیا سكاڵام كردووه و ناوى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ره‌كه‌م نووسیوه. هه‌موو تاوانى من ئه‌وه‌یه به‌ڕووى بكوژاندا هاوارم كردووه، ئه‌ركیش بوو ده‌بوو ئه‌م كاره بكه‌م. بڕوام وا نییه پارتى كرێكاران وه‌ك سه‌ركردایه‌تى ئاگاى له‌و بابه‌ته بێت، به‌ڵام بێگومان ئایدیۆلۆجیاى ئه‌م حزبه له‌سه‌ر توندوتیژى وه‌ستاوه، له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنى ئه‌ویتر و په‌راوێزخستن و سه‌ركوتكردنى ده‌نگى ئازاد، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكى له تیرۆرى فیكرى له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى دروست كردووه، هیچ جیاوازییه‌ك نییه له نێوان ئه‌و ته‌كفیره‌ى سه‌له‌فییه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سه به‌كارى دێنێت كه له ئاین ده‌رچووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تۆمه‌تى خیانه‌تكار و سیخوڕی بۆ هه‌ر كه‌سێك به‌كار دێنن كه بۆچوونى له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه.
له‌میانه‌ى ئه‌زموونى تۆ و ئه‌زموونى هه‌ندێك ئه‌دیبى تر، تێبینى ئه‌وه ده‌كرێت "ناكرێت ره‌خنه له حزب بگرین، جا هه‌ر حزبێك بێت" به بڕواى تۆ بۆچى مێژووى حزب پیرۆز ده‌كرێت؟ چ كولتوورێك له پشت ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه وه‌ستاوه؟
راسته حزبه كوردییه‌كان بێ جیاكاریى به‌ده‌ست ئه‌و مه‌ینه‌تییه ده‌ناڵێنن، حزبێكى دیموكراسى كوردی نییه، هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ى له كوردستان هه‌ن، به جۆرێك له جۆره‌كان سه‌ركوتكردن و سته‌مكاریى ده‌كه‌ن، هه‌ندێك عه‌شایه‌رى و هه‌ندێك له‌سه‌ر گومڕاكردن و هه‌ندێك مه‌رگدۆسته و هه‌ندێك كه‌ناڵه‌كانى شه‌و رۆژ سروود بۆ زه‌عیمى تاقانه ده‌ڵێن كه به خواوه‌ند ده‌چێت.
ئه‌و كولتووره‌ى حزبه‌كان دروستیان كردووه، كولتوورى سه‌رده‌مى فیوداڵییه و تێكه‌ڵه به كولتوورێكى ئاینى شێوێنراو و كولتوورى گه‌وره‌كردنى برا گه‌وره‌یه.
ته‌كنیكى رۆمانه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك نووسراوه، به‌شێك له سه‌ربورده‌ى خۆت له په‌راوێزى به‌شه‌كانى رۆمانه‌كه نووسیوه، بۆچى به‌مشێوه‌یه؟ ئایا به‌نیازى ته‌نیا به‌وه واز له ژیاننامه‌ى خۆت بهێنى كه له رۆمانى "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" نووسیوته؟
ئه‌و به‌شه ژیاننامه‌یه‌ى كه له رۆمانه‌كه‌م "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" نووسراوه، پێوه‌سته به ره‌چه‌ڵه‌كى خۆم. عاموودا نیشتمانى یه‌كه‌مى منه، باپیرم و دایكم و باوكم له كۆتای جه‌نگى دووه‌مى جیهان به‌ره‌و كۆبانێ كۆچیان كردووه. كاتێك باسم له كوشتارگه‌ى عاموودا كردووه، یه‌كێك له قوربانییه‌كان "سه‌عدى" كوڕى خاڵمه، بۆیه ده‌بوو بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ره‌گوڕیشه‌كان و هه‌ندێك له مێژووى عاموودا بگێڕمه‌وه. من هێنده نه‌مویستووه باسى سه‌ربورده‌ى خۆم بكه‌م، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌بوو باس له خێزانه‌كه‌ى خۆم بكه‌م به‌ر له‌وه‌ى به‌ره‌و كۆبانێ كۆچ بكه‌ن. دواتر كه‌مێك باسى ژیانى دایك و باوكم كردووه له كۆبانێ كه منیش له‌وێ له دایك بووم. له رۆمانى "كۆبانێ"ش له چه‌ند به‌شێكدا باسى خێزانه‌كه‌م كردووه، تا ئێسته كاتم به‌ده‌سته‌وه نه‌بووه جگه له رۆمان، ژیاننامه‌ى خۆم بنووسمه‌وه.
ده‌گوترێت رۆمان نووسینه‌وه‌ى ژیانى ئه‌و كه‌سانه‌یه كه مێژوو په‌راوێزیان ده‌خات، ئایا ئه‌م گوته‌یه له‌سه‌ر رۆمانى "خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه" جێبه‌جێ ده‌بێت؟
نا رۆمانه‌كه‌ى من له‌باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له‌لایه‌ن كه‌سوكارییانه‌وه سته‌میان لێ كرا، دووجار كوژران، جارێك كاتێك خوێنیان رژایه سه‌ر شه‌قام و رێ به‌كه‌سوكاریان نه‌درا به كه‌رامه‌ته‌وه بیاننێژن وه‌ك ئه‌وه‌ى دوژمن ئه‌نجامى ده‌دات، جارێكى تریش ئه‌وكاته بوو كه به‌شێك له رۆشنبیران له كوشتن‌یان بێده‌نگ بوون به پاساوى ئه‌وه‌ى ئێمه له جه‌نگین، ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆشنبیرانه دژایه‌تیى ئه‌و كه‌سانه‌یان كرد كه وێنه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و كوشتن‌یان رێسوا ده‌كه‌ن.
ئه‌م رۆمانه‌م نووسى تا تاوانێك له تاوانه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مرى واقیع له رۆژئاوا به دیكیۆمێنت بكه‌م، وه‌ك چۆن پێشتر له‌باره‌ى له‌سێداره‌دانى شێخ سه‌عیدى پیران و قازى محه‌مه‌د نووسیومه. نابێت شوناسى بكوژ وا بكات راستیی نه‌بینم، سته‌م هه‌ر سته‌مه به چاوپۆشین له نه‌ته‌وه و ئاینه‌كه‌ى. من نه‌ته‌وه‌په‌رستێكى فۆلكلۆر و عه‌شایه‌ر نیم تا له ته‌ك سته‌مكار بوه‌ستم، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به كوردى ده‌دوێ، ئه‌مه بابه‌تێكه له مێژه تێمپه‌ڕاندووه.
دوا پرسیار ئایا دوایین كارت چییه؟
خه‌ریكه رۆمانێكى نوێ ته‌واو ده‌كه‌م و وا به كۆتاكه‌ى ده‌گه‌م، ئه‌ویش رۆمانێكه له به‌رانبه‌ر جه‌نگى سووریا، ئه‌و جه‌نگه‌ى ناچارى كردین له‌باره‌ى بنووسین و به ئاگره‌كه‌ى بسووتێین، ئه‌و جه‌نگه كه له سه‌ختترین و قێزه‌ونترین به‌شه‌كانى ده‌ژین.