ئاسمانی سووریا بووەتە وێستگەی كەوتنی فڕۆكە جەنگییەكان

:: AM:11:53:11/02/2018 ‌
دوێنێ شەموو جیا لەوەی شەڕ و ئاڵۆزیییەكان لە نێوان گرووپە جیاجیاكانەوە لە ناوچەكانی سووریا بەردەوامی هەبوو لەسەر زەوی، هاوكات لە ئاسمانی ئەو وڵاتەوەیش فڕۆكەی چەندان وڵات هاتوچۆیان كرد و دوو فڕۆكە و هەلیكۆپتەریش كەوتنە خوارەوە، ئەمەیش مەترسی هەڵایسانی جەنگێكی گەورەی بەدوادا هاتووە و ئەگەری فرەوانبوون و كڵپەسەندنی بەهێز و كراوەیە.

بەرەبەیانی دوێنێ شەموو، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەی تەدمووری سووریا هێرشیان كردە سەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە سنووری ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندبوو، لە كاردانەوەی ئەم كارەیش فڕۆكەكانی ئیسرائیل توانییان بۆردمانی بكەن و بە تەواوی تێكی بشكێنن.

دوای گەڕانەوەی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ وڵاتی خۆیان بە بەرزایییەكانی جۆلان، یەكێك لە فڕۆكە ئێف16ەكانی ئیسرائیل بەر هێرشی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕژێمی ئەسەد دەكەوێ و دەكەوێتە خوارەوە، بەڵام هەردوو فڕۆكەوانەكە بە پەڕەشووت دەكەونە ناوچەیەكی سەلامەت و ڕزگاریان دەبێ، بێ ئەوەی كەمترین زیانیان بەربكەوێت.

لە تۆڵەی كەوتنە خوارەوە ئەو فڕۆكە ئیسرائیلییە، فڕۆكەكانی ئەو وڵاتە دەستیان بە سێ گەڕی بۆردمانی چڕی بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ڕژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵای لبنانی لە باشووری دیمەشق و شاری حمس كرد و زیانی گەورەیان پێ گەیاندن، هاوكات بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ سوپاسالاری وڵاتەكەی و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان گفتوگۆی كرد و داوای ئامادەباشی تەواوی لێ كردن، هەڕەشەی توندیشی لە ئێران كرد كە لە سووریا جێی نابێتەوە و باجی سەرجەم كارەكانی دەدات.

گرژییەكانی نێوان ئەسەد و ئێران و حزبوڵا لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی ترەوە، كۆتای دیمەنەكانی دوێنێ شەمووی سووریا نەبوون، بەڵكو بەهۆی كەوتنە خوارەوەی دوو مووشەكی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕژێمی ئەسەد لە ئوردن و لبنان ئەو دوو وڵاتەیش چوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هاوكات ڕووسیا و ئەمەریكایش هۆشدارییان دا تا شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئاسمانی سووریا بە كۆتا بێن.

خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێران لە سووریا لە كاتێكدایە، تاران دەستی بە دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان زۆر بەخێرایی لە سووریا كردووە، بە ئامانجی چاودێری و دیاریكردنی ئامانجەكانی له سووریا و ناوچەكان بە تەواوەتی، ئەمەیش دوورە لە لێكگەیشتنی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا لەسەر پرسی سووریا و ئەگەرەكانی چارەسەركردنی، هاوكات ئێران دەیەوێ بەهۆی بەهێزی پێگەی لە سووریا دەستدرێژی بۆ سەر ئیسرائیلیش بكات، ئەمەیش لەلایەن ئیسرائیلەوە بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.

هاوكات ڕژێمی ئەسەدیش لە تەك ئێران حەز بە بەردەوامی دژایەتی ئیسرائیل دەكات و دەیەوێ چاوەكان لەسەر سووریا لابدات و شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبگیرسێنێ، بۆیە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی كە لەلایەن ڕووسیاوە بۆی دانراوە، توانی فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی بپێكێ، ئەمەیش ئیسرائیلی وەك شێرێكی بریندار لێ كرد و بە چڕی بۆردمانی زۆری سووریای كرد.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان ڕژێمی ئەسەد سیستەمی بەرگریی ئێس200 و بوك ئێم2 و بانتسیر ئێس و مووشەكی سترێلا و چەكی ڕەشاشی دژە تانكی زۆرە، سەرجەمیان بەرهەمی ڕووسیا و یەكێتیی سۆڤیەتی كۆنن، بەڵام ئەو هەنگاوەی ئەسەد بە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئیسرائیلییەكە وای لە تەلئەبیب كرد، هەموو هێڵە سوورەكان ببەزێنێت و لە هەموو لایەكەوە فڕۆكەكانی بۆردمانی ئامانجەكانی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا لە سووریا بكەن.

عیماد ئەبشناس شرۆڤەكانی سیاسی لەوبارەوە دەڵێ، ئیسرائیل بە خستنە خوارەوەی فڕۆكەكەی، بیانوویەكی زۆری دەست كەوت و بە تەواوی لە ڕووی ئاسمانییەوە هاتە پێشەوە و دەیەوێ هەژموونی خۆی بچەسپێنێت و ئێران و ئەسەد بە تەواوی لە ئاسمانەوە چاوترسێن بكات، ئێران نایەوێ و ناتوانێ بچێتە شەڕێكی ناڕاستەوخۆ لە سووریا و لبنان دژی ئیسرائیل، بەڵام بەردەوام دەیەوێ گرژی و نائارامی دروست بكات.

یەكێك لە داواكانی ئیسرائیل لە ڕووسیا و ئەمەریكا بریتییە لە كشانەوەی ئێران و هێزە بریكارەكانی لە باشووری سووریا بە تەواوەتی و دووركەوتنەوە لە سنوورەكانی ئیسرائیل، تەلئەبیب نایەوێ هیچ نەرمییەك بنوێنێ و دەیەوێ لە بەرانبەر هەر كردەیەك گورزی كوشندە بوەشێنێ، تا بە تەواوی دوژمنانی دڵنیا بكاتەوە كە ئیسرائیل بێدەنگ نابێ و تۆڵەی توند و گورچكبڕی دەبێ.

هاوكات هەر دوێنێ هەلیكۆپتەرێكی توركی لەلایەن هێزەكانی كوردەوە لە عەفرین كەوتە خوارەوە، ئەمەیش دوای ئەوە دێ  شەش ڕۆژ پێش ئێستەیش فڕۆكەیەكی ڕووسی بە فیشەكی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ئاسمانی شاری ئیدلب كەوتە خوارەوە، لە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2015یش توركیا فڕۆكەیەكی ڕووسیای لە ئاسمانی سووریا خستە خوارەوە، پێشبینی دەكرێ جەنگی فڕۆكەكان لە ئاسمانی سووریا بەردەوامییان هەبێ.




وشە - باز ئه‌حمه‌د