لۆكسمبۆرگ گواستنەوەی گشتی كردە بەخۆڕایی

:: AM:10:26:06/12/2018 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، حكوومەتی لۆكسمبۆرگ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پلیتی تایبەت بە گواستنەوەی گشتی راگەیاند، بەمەش دەبێتە یەكەم وڵات لە ئاستی دنیادا كە گواستنەوەی گشتی تێیدا بە خۆڕایی بێت.

لۆكسمبۆرگ وڵاتێكی ئەوروپییە و ئەندامی یەكێتیی ئەوروپایە، هەڵوەشاندنەوەی پلیتی گواستنەوەی گشتی لەو وڵاتە، لە وەختێكدایە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی بە دەست گرانی نرخی پلیتی هاتوچۆوە گیرۆدە بوون و لە فڕەنسا ماوەی دوو هەفتە زیاترە چاكەتەكە زەردەكان لە خۆپیشاندان بەردەوامن بەهۆی بڕیارێكی حكوومەت لەسەر گرانكردنی نرخی بەنزین و گاز لە ساڵی داهاتوودا كە كاریگەری لەسەر گرانبوونی پلیتی گواستنەوەی گشتی دروست دەكات.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە كە حكوومەتی هاوپەیمانی نوێی لۆكسمبۆرگ پلانی هەیە لە هاوینی 2019 پلیتی گواستنەوەی گشتی هەڵوەشێنێتەوە، ئامانجی پلانەكەی حكوومەتیش ئەوەیە كە هاووڵاتییان لە ئۆتۆمبێلەكانیان دوور بكەونەوە و كار بە گواستنەوەی گشتی بكەن وەك هەوڵێك بۆ چارەسەری قەرەباڵغی ناو شەقامەكان، بەتایبەت لە شاری لۆكسمبۆرگی پایتەخت.
 
دانیشتووانی لۆكسمبۆرگ كە 110 هەزار كەسە، بەڵام رۆژانە پێشوازی لە 400 هەزار كەس دەكات بۆ كار كردن، ئەو وڵاتە كە بە پایتەختی ئیمپراتۆریی دۆقی گەورە ناسراوە، تەواوی دۆقەكە دانیشتووانی 600 هەزار كەسە و رۆژانەش 200 هەزار ئەڵمانی و بەلجیكی و فڕەنسی سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن بۆ كار كردن، ئەمەش وایكردووە قەرەباڵغییەكی گەورەی هاتوچۆ لەسەر ئەو وڵاتە بچووكە دروست ببێت.

هەڵوەشاندنەوەی تێچووی گواستنەوە لەو وڵاتە پێشتر زۆر گران نەبووە، ماوەی بڕینی دوو سەعات رێ تەنیا بە دوو یۆرۆ بووە، بۆیە بە لە بەرچاوگرتنی بچووكی رووبەرەكەی بەو دوو سەعاتە دەتوانی بگەیت بەر هەر شوێنێك كە مەبەستت بێت.



وشە - فه‌رمان سادق