خۆپێشاندان لە هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:08:11/02/2019 ‌

بەمەبەستی پێدانی هەلی دامەزراندن، یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و  داوای دامەزراندن دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی شوبات، ڕێكان سابیر ڕێكخەری یەكێك لە خۆپێشاندانەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خۆپێشاندانی ئەمڕۆ دەرچووانی ساڵی 2015 بۆ 2016یە كە كەسی یەكەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی زانكۆكانە بۆ دامەزراندن.

ئەو ڕێكخەرەی خۆپێشاندان گوتی، ئێستە گردبوونەوەكەمان بردووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بەڵێن بوو دابمەزرێین، بەڵام هیچ ڕوونییەك نییە كەیە و چۆنە، بۆیە داواكارین ئەو بەڵێنەی لە ڕابردوو هەبوو ببێتە بڕیار.

ئاشكرای كرد، ئەگەر ئەمڕۆش كەس بە دەنگمانەوە نەیەت ڕۆژانی داهاتوو درێژە بە خۆپێشاندانەكان دەدەین تا بگەین بە ئەنجامێك.

لە ماوەی ڕابردووش خۆپێشاندان لە هەرێمی كوردستان كرا، یەكەم و دووەمەكان داوای دامەزراندنیان دەكرد، چونكە لە ساڵی 2014 دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان وەستاوە و تەنیا بۆ ئەو شوێنانە نەبێت كە داوای دامەزراندن دەكەن كە پێویستیانە وەك پەروەردە و تەندروستی ئەوەیش بەهۆی تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد