بارزانی نەمر و خواستی بەدەوڵەتكردنی كورد

:: PM:09:29:13/02/2019 ‌

مەلا مستەفا بارزانی سەركردەی كورد (1903-1979)، گوندەكەی خۆی (بارزان)، لە كوردستانی عێراق بەرەو مهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە دامەزراندنی یەكەم كۆماری كوردی جێ نەهێشت لەبەر هەوڵی بۆ خۆخستنە مەترسی و سەركێشییەوە، بەڵكو بەدوای جێبەجێكردنی خەونێكی كورد بوو لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەگەر لەسەر رووبەڕی پارێزگایەك لە پارێزگا و شارەكانی كوردستانی نیشتیمانیشەوە بێت كە لە نێوان هەرچوار دەوڵەتی توركیا و عێراق و ئێران و سووریا دابەش كراوە. 

ئەو رووداوە لە 1946 لە دوای كۆتاهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و رۆیشتنی ئینگلیز و فڕەنساییەكان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی دا و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان درایەوە گەلانی ناوچەكە، بەڵام كورد لەسەر خاك و چیا و دەشتی خۆی لەوەتەی هەزاران ساڵە، ئەوان بێ دەوڵەت كران، تەنانەت لەسەر هەزار كیلۆمەتر سێجایێكیش، بۆیە بەهۆی ئەو ستەم و فەرامۆشكردنە مێژوویی و نێودەوڵەتییەی كە رووبەڕووی كورد هاتەوە، وای كرد بارزانی نەمر هەوڵی نەهێشتن و گۆڕینی بدات لە رێگەی بەشداریكردنی لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، ئەگەرچی بەهۆی بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەڵگەڕانەوەی ستالین لە كورد هەوڵەكە سەری نەگرت.

لە 14ی تەمووزی 1958 ئەو كاتەی رژێمی پاشایەتی لە عێراق لەناو چوو و عەبدولكەریم قاسم (1914-1963)، هاتە فەرمانڕەوایی لە عێراق، سەردەمێكی نوێ دەستی پێ كر د و بارزانی نەمر هەوڵی دا هەلێكی نوێ بە فەرمانڕەوایانی نوێی عێراق بدات، بۆیە پاڵپشتی لە شۆڕشەكە كرد و بە داوەتنامەكەی عەبدولكەریم قاسم رازی بوو بە گەڕانەوە لە یەكێتی سۆڤیەت بەرەو عێراق، ئەوكات بارزانی نەمر لە كۆشكی نووری سەعید نیشتەجێ كرا و مووچەی وەزیرێكی پێ درا.

هۆشەنگ ئاوسی رۆژنامەوان دەڵێت، ئەوكاتە خەمی بارزانی لە بەدەستهێنانی كۆشك و پۆست و خۆشییەكانی دنیا نەبوو، بەڵكو مەبەستی ئەو بەدەستهێنانی ئازادی و مافەكانی گەلی كورد بووە، روونی كردەوە، دوای ئەوەی كاتكوشتن و پەناوپێچكردنی لە بەغدا بینی لە پابەندی بە بەڵێن و دانی مافە نەتەوەییەكانی كورد وەك ئەوەی لە دەستووری كاتی ئەوكاتدا هاتبوو، بۆیە بارزانی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەحكامی عورفی و ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی و دەستوەرنەدانیان كرد لە ژیانی رۆژانەی مەدەنی و سەندیكایی و سیاسی و دەستكردن بە بنیاتنانی دەوڵەتێكی نیشتیمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پارتی هەوڵی فشارخستنە سەر رژێمی عەبدولكەریم قاسمی دا و لە ئەیلوولی 1961 مانگرتنی سیاسی لە كوردستان راگەیاند.  

ئاوسی دەڵێت، لە بەرانبەردا بەغدا هەوڵی دا بە زەبری چەك و لە رێگەی پۆلیس و سوپا و پەنابردن بۆ فڕۆكەی سەربازی ئەو مانگرتنە كۆتایی پێ بێنێت، ئەو ژمارەیەكی زۆری لە یەكە سەربازییەكان بەرەو كوردستان جووڵاند بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی پرسە دەستووری و سیاسییەكانەوە و نەهێشتنی ئەو داواكارییانەی كورد بە بەكارهێنانی هێزی سەربازییەوە و داخستنی هەموو دەروازەیەك لەبەردەم شەركردایەتی كورد.

ئاماژەی كرد، بۆیە كورد هیچ بژارەی تری لەبەردەم نەمایەوە بێجگە لە بەرخودان و بەرگریكردن لەخۆی و بەو شێوەیە لە 11ی ئەیلوولی 1961 جەنگ دەستی پێ كرد و هێرشی سەربازی سوپای عێراق تێكشكا و وەرچەرخانێكی مێژوویی و خوێناوی لە پێوەندییەكانی كورد و بەغدا رووی دا كە كورد لێی بەرپرسیار نەبوون.  

ئەو توێژەرە دەڵێت، لێرە دەتوانین لەوە تێبگەین كە بۆچی بارزانی نەمر كۆشكەكانی بەغدای جێهێشت و پەنای بۆ ئەشكەوت و دۆڵ و چیاكان بردەوە و لە 11ی ئەیلوولی 1961دا شۆڕشی لەدژی رژێمی ئەوكاتی عێراق راگەیاند، كە بووە یەكەم شۆرشی كورد لەدژی بەغدا لە دوای شۆڕشی 1958. 

دوای هاتنی عەبدولسەلام عارف بۆ دەسەڵات كە نەتەوە پەرستێكی عەرەب بوو، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرانی سیاسی و سەربازی كورد، لەوانەیش بارزانی نەمر لەسەر چارەسەركردنی یەكجارەكی دۆزی كورد لە عێراق رێك كەوت، كاتێك رێككەوتننی نیسانی 1964ی راگەیاند كە تیایدا مسۆگەری پێدانی مافی كولتووری و بەشداریكردنی لە فەرمانڕەوایی و چەند مافێكی تری بە كورد كرد.

لەو بارەوە هاشم جاف، توێژەر هۆكاری بەردەوام نەبوونی رێككەوتننەكە بۆ "رەوتی نەتەوەپەرستی عەرەبی"، گەڕاندەوە كە توانی دزە بكاتە ناو دەسەڵات و رێككەوتننەكە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە دەوڵەتی عێراق لە رێوشوێنەكانی بۆ سەركوتكردنی گەلی كورد بەردەوام بوو و ململانێی چەككداری لە نێوان هەردوولا درێژەی كێشا بەو شێوەیە دۆزی كورد بەردەوام خەوی حكوومەتی بەغدای زڕاند و بارزانی نەمریش بەرهەڵستی سەرانی عێراقی كرد و هێرشی كردە سەریان.   

ئەو توێژەرە دەڵێت، دوای نۆ ساڵ لە جەنگ لەدژی كورد بە سەركردایەتی بارزانی نەمر، حكوومەتی عێراق ناچار بوو كە لەگەڵ بارزانی نەمردا رێك بكەوێت لە رێككەوتننامەی حوكمی زاتی لە 1970 كە بەهۆی كودەتای سەركردایەتی حزبی بەعس بەسەر رێككەوتننەكە لە 1974 و رێككەوتننیان لەگەڵ شای ئێران و دەستبەرداربوون لە شەتولعەرەب بۆ ئێران و داوا نەكردنی ناوچەی ئەهوازی ئێرانی زۆر بەردەوام نەبوو.

روونی كردەوە، عێراق لە بەرانبەر ئەوانەدا داوای راگرتنی پاڵپشتی سەربازی و لۆجیستی بۆ شۆرشگێڕانی كورد كرد، بۆیە محەمەد رەزا پەهلەوی شای ئێران پاڵپشتی بۆ بارزانی نەمر وەستاند لە رێككەوتننامەی جەزائیر كە لە نێوان عێراق و ئێران بە دەستپێشخەری ئەمەریكا و جەزائیر هاتە كایەوە، دوای ئەوە بارزانی نەمر بەرەو ئەمەریكا رۆیشت و لە 1979 لە نەخۆشخانەی جۆرج واشنتن بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل