گوڵەن: ئەردۆغان ئێمەی كردە قوربانی بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات

:: PM:04:26:14/02/2019 ‌

فەتوحوڵا گوڵەن بیرمەند و بەرهەڵستكاری توركیا كە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە دەڵێت، لە 2013 سەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا كێبەركێیان بوو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی بزووتنەوەی خزمەت و راگەیاندنی خۆشەویستی و رێزگرتن بۆ بزووتنەوەكە، واتە بزاوەكەی گوڵەن، بەڵام لە 2014 دۆخەكە بەتەواوەتی گۆڕا و دەستیان كرد بە شێواندنی ناوبانگی لە رێگەی بەكارهێنانی زمانی رق و كینە و لەناوبردنی لە رێگەی دەزگاكانی دەوڵەتەوە.

زیاتر گوتی، حكوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پێویستی بە قوربانییەك هەبوو بۆ ئەوەی لەو رێگەوە دەست بەسەر دەسەڵات بگرێت و هەموو هێزەكانی تر بخاتە چنگی یەك كەس، بۆیە بزووتنەوەی خزمەتگوزاری هەڵبژارد بۆ گەیشتن بەو مەبەستەی. ئەو لە دیدارێكی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی " Regnum"ی رووسی گومانی لەو كودەتایە كرد كە لە توركیا رووی دا و ئەویان بە پلاندانەی لەقەڵەم دا، دووپاتی كردەوە كە سوپای توركیا بە رێكخراوەیی ناوی دەركردووە و پێم وا نییە كەسێكی عاقڵ هەبێت بەو بانگەشانە باوەڕ بكات. 

ئەردۆغان بزاوی خزمەتی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی راگەیاند، ئەوەیش دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی گەندەڵی و بەرتیلدان لە 2013 دەستیان پێ كرد و ئەوكات ئەردۆغان بزووتنەوەكەی بە وەستان لەپشتەوەی ئەو هەوڵانە وەك كودەتایەك بەسەر حكوومەتەكەی ناوبرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان سەركەوتوو نەبوو لە قەناعەتكردن بە شەقامی توركیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەو تۆمەتانە، بەڵام توانی دەزگای ئاسایش و دادوەری بە پاساوی نەهێشتنی بزووتنەوەكە رێكبخاتەوە، بۆیە دامەزراوەی سەربازی لە توركیا لە دەرەوەی ئەو پاككردنەوە بوو تا كودەتا شكستخواردووەكەی 2016 كاتێك ئەردۆغان بزووتنەوەی خزمەتی بە وەستان لەپشت كودەتایەكە تۆمەتبار كرد و دەستی كرد بە دووبارە رێكخستنەوەی سوپا بە هەمان پاساو.   

گوڵەن هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و رووبەڕووی ئەردۆغان دەبێتەوە و داوا دەكات كە لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لەو تۆمەتانەی لەبارەی هەردوو كودەتاكە ئەنجام بدرێت، ئەو ئامادەیی خۆی راگەیاند بۆ لەداردانی ئەگەر هیچ لەو تۆمەتانە بەسەریدا ساغ بوونەوە، بەڵام تا ئێستەیش ئەردۆغان وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە.   

بەڵگەكان كە لە یەكەم رۆژانی كودەتاكە تا ئێستەیش ئاشكرا دەبن، دەیسەلمێنن كە ئەردۆغان لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەو هەوڵانەی رێكخستووە بەمەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەنجامەكانی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی لەناو توركیا و لە ناوچەكەیشەوە، دواترین ئەو بەڵگەنامانەیش یاداشتێكی تۆمەتباركردنی تایبەت بوو كە پێش كودەتاكە ئامادە كرابوو.

لەو ناوەدا حكوومەتی پارت و گەشەپێدانی توركیا هەوڵی خستنەرووی پڕۆژەی یاسایەك لەناو پەرلەمان دەدات كە لەلایەن حزبەكەوە ئامادە كراوە بۆ گواستنەوەی پشكی پارتی گەلی كۆماری لە "ئیش بانكی"، بۆ سەر وەزارەتی دارایی و گەنجینەوە، لە هەنگاوێك كە بە هەوڵەكانی ئەردۆغان دەبەسترێتەوە بە توندكردنی دەسەڵاتەكانی ئابووری و سیاسی بۆ حكوومەتی ئەو وڵاتە، هاوكات كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دارایی پارتە و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەپاڵ رەخساندنی كەناڵی زیاتری دارایی ئاسان بەمەبەستی دابینكردنی مسۆگەریی بۆ دەستخستنی پارە و پاڵپشتیكردنی دارایی بۆ پڕۆژەكانی حكوومەت، بۆیە ئەگەر پەرلەمانی توركیا لەسەر ئەو هەنگاوە رازی ببێت، دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی زیاتری مامانەی وەبەرهێنەران بە سیستەمی بانكی و ئابووری توركیا.   

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەردۆغان بەتوندی پاڵپشتی لە پرۆسەی دەستگرتنی وەزارەتی دارایی و گەنجینە بەسەر پشكی پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكار لەو بانكە كرد كە گەورەترین بانكە لە توركیا بە بەهای زیاتر لە 280 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی و رێژەكەی28.09%یە و بەپێی وەسیتنامەیەكی مستەفا ئەتاتۆرك دامەزرێنەری كۆماری توركیا و پارتی گەلی كۆماری بۆی دانراوە، لەو كاتەی پشكەكانی تر تەرخان كراوە بۆ سندووقی خانەنشینی تایبەت بەو بانكە كە دەكاتە 31.79% و سەهمەكانی مامەڵەكردنی ئازاد بە رێژەی 40.12%.

لێرەدا دەتوانرێت دەستگرتنی ئەردۆغان بەسەر پشكی حزبی گەلی كۆماری لەو بانكە بەوە لێكبدرێتەوە، وەك هەوڵێكی بۆ سەپاندنی باڵادەستیی بەسەر سیستەمی دارایی و بانكی بە گشتی، هەروەها بەهێزكردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە توركیا، ئەو لە چوارچێوەی كردنی سیستەمی فەرمانڕەوایی وڵات بۆ سەرۆكایەتی، دەستی كرد بە نانی چەند هەنگاوێك بۆ ئەو مەبەستە لە رێگای دامەزراندنی لیژنەی سەقامگیری دارایی و پەرەپێدان بە سەرۆكایەتی خۆی، ئەوەی مافی پێ دەدات بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست لەكاتی هاتنە پێشی هەر پرسێك هەڕەشە لە سیستەمی دارایی بكات، جیا لە سنوورداركردنی سەرچاوە و توانای دارایی پارت و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بە هاوشێوەی لەگەڵ گرووپەكەی گوڵەنی كرد كە بە هەوڵی دوو كودەتای ئابووری و سەربازی لە 2013 و 2016 تۆمەتباری كرد و دوای ئەوە و بەو پاساوە دەستی گرت بەسەر موڵكوماڵی ئەو بزووتنەوەیە كە گەیشتە هەزار و 142 كۆمپانیا بە بەهای 11 ملیار دۆلار.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل