ئەو پێكهاتە سروشتیانەی قژت جوانتر دەكەن

:: PM:05:45:17/02/2019 ‌
هەموومان ئارەزووی قژێكی جوان و تەندروست و بەهێز دەكەین بۆ ئەوەی بە درێژیی تەمەن بمێنێتەوە، زۆر كات پێكهاتەی سروشتی وەكو بەهێزكەرێك بۆ قژ و بریقەداركردنی قژ و گەشەكردنی قژ بەكار دەهێنرێت، ئەمەش بە چەندان هەنگاودا تێدەپەرێت تا دەبیت بەخاوەن قژێكی تەندروست. لێرەدا باس لە هەندێك پێكهاتەی سرووشتی دەكەین.

یەكەم: شیری گوێز هیند، سوودێكی زۆری هەیە بۆ قژ بەتایبەتی بەسوودە بۆ ئەو قژانەی كە بریقەیان كەمە یان وشكن، شیری گوێز هیند یان ئاوی گوێز هیند وەك ماسكێك بۆ پێستی سەرو تاڵەكانی قژت بەكاربهێنە بۆ ماوەی 40 خولەك بەجێی بهێڵە دواتر بە شامپۆ و نەرمكەرەوە بە شێوەیەكی ئاسایی قژت بشۆ.

دووەم: شۆردنی قژ بەئاوی سارد، یەكێكی تر لەو رێگایانەی كە یارمەتی جوانكردنی قژ دەدات بەكارهێنانی ئاوی ساردە، چونكە بەرگێكی پارێزەر بە قژ دەدات و بەمەیش قژ بەرێژەیەكی كەمتر تووشی زیانی دەرەكی دەبێت و جیڕتر دەبێتەوە پچرانی تاڵەكانی قژ كەم دەكاتەوە و بریسكەیەكی سروشتی بەقژ دەبەخشێت.

سێیەم: سركەی سێو، وشكبوونەوە و بێهێزی قژ زۆر كات لە وەرزی زستاندا روودەدات، سركەی سێو چارەسەری ئەم گرفتە دەكات تەنیا پێویستت بە دوو كەوچك زەیتی ئەرگان و كەوچكێك سركەی سێو و نیو ئاڤۆگادۆ و 10 دڵۆپ زەیتی رۆزمێری، هەموو ئەم پێكهاتانە بە باشی تێكەڵ بكە تا وەك كرێمێكی لێدێت بەكاری بهێنە بۆقژت لە رەگی مووەكانەوە تا كۆتایی تاڵەكان و پاشان بۆ ماوەی 15 خولەك بەجێی بهێڵە دواتر بە شامپۆ قژت بشۆ.

چوارەم: هێلكە، بێگوێدانە جۆری قژەكەت بەكارهێنانی هێلكە سوودێكی زۆر بە قژ دەگەیەنێت، چونكە زەردێنەی هێلكە برێكی زۆر پرۆتینی تێدایە لەگەڵ چەوری كە شێداری بە قژ دەدەن. سپێنەی هێلكە ئەنزیمی تێدایە كە رێگە لە دەردانی چەوری زیاد لە پێویستی پێستی سەر دەگرێت، ئەگەر قژت ئاسایی بوو دەتوانیت هێلكە بە هەردوو پێكهاتەكەیەوە بەكاربهێنیت. تەنیا هێلكە بەكاربهێنە وەك ماسكێك بۆ پێستی سەر و تاڵەكانی قژت پاشان بۆ ماوەی 20 خولەك بەجێی بهێڵە و دواتر بە ئاو شامپۆ بیشۆ.

پێنجەم: زەیتی زەیتوون، یەكێكی تر لەو چارەسەرە سروشتیانەی كە بۆ گەشەكردنی قژ بەكاردەهێنرێت زەیتی زەیتونە، بریقەیەكی زیاتر بەقژ دەدات و بەهێزی دەكات، زەیتی زەیتوون پرە لە چەوری دروست هەروەها دژەئۆكسیدی تێدایە وە چەندان پێكهاتەی خۆراكی بە پێستی سەر و قژ دەبەخشێت.




وشە - ئاوات ئازاد