عێراق.. فشاری وڵاتان وەرزێكی نوێی رێككەوتنی سیاسی دێنێتە پێش

:: PM:09:02:17/02/2019 ‌

لە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ساڵی رابردووی عێراق  و پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەت لە دوای مشتومڕێكی زۆر، ئێستە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە ژانێكی توند بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەیش بەهۆی كێشەی نێوان لایەنە ناكۆكەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كە زۆرینەی پێوەستە بە بەشبەشێنە و دابەشكردنی كێكی حكوومەتەوە، هەموو ئەوەیش بەهۆی ئەو نەخشە ئاڵۆزەوەیە كە هەڵبژاردنەكە بەدوای خۆیدا هێنای كە وایكرد تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكە سەخت بێت و تا ئێستەیش بەردەوامە.

ئەوەی زانراوە كە لەوەتەی 2003ەوە گۆڕەپانی عێراق بووتە یاریگایەك بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و لەوانەیش ئێرانی دراوسێ یەكێكە لە یاریكەرە دیارەكان لەسەر گۆڕەپانی عێراق بەهۆی تێكەڵی مەزەوی شیعە كە زۆرینەن لە عێراق و وابەستە سیاسی و ئابووری و ستراتیجییەكان، جیا لە بوونی ژمارەیەكی زۆری گرووپی چەكداری سەر بەو وڵاتە لە عێراق كە دەسەڵات و كاریگەریان لە عێراق زیاتر كردووە. 

سەرچاوەیەك لەناو حكوومەتی عێراق ئاشكرای دەكات كە تاران فشاری سیاسی كردووەتە سەر عادل عەبدولمەهدی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كورد بۆ دانانی سنوورێك بۆ تەنگژەی نێوانیان، جیا لە بوونی فشار لەسەر هەردوو هاوپەیمانی سائیروونی سەر بە موقتەدا سەدر و فەتحی سەر بە هادی عامری بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بە مەبەستی پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق كە تا ئێستەیش بەشێك لە وەزارەتەكانی بەتاڵن. 

ئەوە لەكاتێك كە ماوەی خایەندراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كەم نەبوو بەهۆی ململانێی نێوان هێزە شیعەكانی براوە لە هەڵبژاردن و نزیكی ئەنجامەكانیان لە سەروویانەوە هاوپەیمانی بینا بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی سائیروون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و بوونی كێشەی قووڵ لە نێوان حكوومەتی بەغدا و هەولێر كە هەوڵی گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنانە دەدات كە لە 16ی ئۆكتۆبەر لەدەستی دان.

سەرچاوەیەك لەو بارەوە بۆ "خەلیج ئۆنلاین"، دەڵێت، ئێران فشارێكی زۆری كردووەتە سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە تەنگژەی بەردەوامیان، ئەو تەنگژەی لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم لە 25ی سێپتێمبەری 2017 دروست بوو و بەهۆی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە هێزەكانی عێراق توانیان پارێزگای كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر كۆنترۆڵ بكەن.

سەرچاوەكە دەڵێت، فشارەكانی ئێران بووە هۆی گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان عەبدولمەهدی و هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، كە عەرەب و توركمانەكان بەرهەڵستی دەكەن، سەرچاوەكە روونی كردەوە، هەردوولا لە میانی سەردانەكەی 7ی ئەم مانگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر بانگهێشتنی عەبدولمەهدی، باسی تەواوكردنی پێكهێنانی حكوومەتیان كرد، جیا لە رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك.

سەرچاوەكە دەڵێت، عەبدولمەهدی بڕیاری دا گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتننەكە لەگەڵ هێزەكانی تری سیاسی لە كەركووك لە عەرەب و توركمان بكات بۆ ئاگەداركردنەوەیان لەبارەی رێككەوتننەكە و هێوركردنەوەی ترسیان.

لەپاڵ ئەو قسانەی باس لە بوونی فشاری ئێران دەكرێت، هەوڵێكی حكوومەتی هەرێم و ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەیە بۆ ئەو مەبەستە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بۆ كورد زۆر خراپ بووە، لەپاڵ ئەوەیش خراپیی دۆخی تەناهی ئەو ناوچانە و هێرشی رۆژانەی چەكدارانی داعش و هاوشێوەكانی و نەبوونی متمانەی تەواو بە حەشدی شەعبی كە خەریكی جێبەجێكردنی ئەجیندای خۆیانن، بەتایبەتی لە بەرانبەر كورد و سوننە و مەسیحییەكاندا.

هەموو ئەوانە پاڵی بە بەغدا نا بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و جێكردنەوەی بەشێكی داواكارییەكانی كوردیش لە بودجەی عێراق هەنگاوێكی ئەو نزیكبوونەوەیە بوو. لەلایەكی تر عەبدولمەهدی بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی پەرلەمانی بەهێز بە بەردەوام هەوڵی داوە كورد بۆخۆی رابكێشێت، بەتایبەتی بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی كە ئەویان خستووەتە دۆخێی شڵۆقەوە.   

لەبارەی هۆكارەكانی فشاری تاران بەو ئاراستەیە بۆ نزیككردنەوەی بەغدا و هەولێر، عەلی حوسێن غەدیر، توێژەری شارەزا لە پێوەندییەكانی عێراق-ئێران دەڵێت، لەو قۆناغەدا تاران پێویستی بە كورد هەیە، چونكە هەرێمی كوردستان ئەڵقەیەكی گرنگە لە ئەڵقەكانی زنجیرەی شكاندنی سزاكانی ئەمەریكا لەسەری، زیاتر گوتی، گرنگی هەرێم لەو بارەوە لە چەند خاڵێكدا خۆی دەبینێتەوە، گرنگترینیان بوونی هەرێمی كوردستان وەك خاڵی بەیەكگەیاندنی جوگرافی لە نێوان ئێران و توركیا كە پێشتر یارمەتی ئێرانی دا بۆ شكاندنی سزاكانی ئەمەریكا لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە. 

زیاتر گوتی، جیا لەوەی تاران سوود لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبینێت بۆ ئالوگۆڕی بازرگانی دوور لە چاودێری توندی ئەمەریكا و دەستكەوتنی دراوی بیانی و نەوت لێیانەوە، لەو كاتەی پێشتر تاران لەپاڵ ئەنكەرە بەشدار بوو لەو دۆخەی لە 16ی ئۆكتۆبەر سەر كورد هات، بەتایبەتی لە كەركووك.

هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای دەكات كە تاران فشاری هاوشێوەی خستووەتە سەر هەردوو جەمسەری ململانێی ناو ماڵی شیعە لە عێراق، سەدر و عامری، بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكانیان و گەیشتن بە رێككەوتن بۆ پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و یەكخستنەوەی ریزەكانی شیعە لە عێراق كە بەهۆی هەڵبژاردنەوە لێكهەڵوەشایەوە، بۆیەیش هاوپەیمانی بینا رازی بووە بە گۆڕینی فالح فەیاز وەك كاندید بۆ وەزارەتی ناوخۆ، جیا لە رێككەوتن بۆ دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل