دوابه‌دوای كه‌وتنه بواری جێبه‌جێكردنی كاركردن به‌سیستمی نوێی پێناسی گومرگی و كاركردن به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌بری دیناری عێراقی، بازرگانانی له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕن.
كامه‌ران مسته‌فا خاوه‌نی نووسینگه‌ی كاروباری بازرگانی له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی كاركردن به‌سیستمی نوێی پێناسی گومرگی كه له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمه‌وه، له سه‌رانسه‌ری مه‌رزه سنووری و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، یه‌كێكیش له گۆڕانكارییه‌كانی ناو ئه‌و سیستمه نوێیه، كاركردنه به دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه له‌بری دیناری عێراقی.
زیاتر گوتی، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه زۆر له‌ناكاو جێبه‌جێ كرا، ئێمه وه‌ك نووسینگه‌كانی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، پێشتر هیچ زانیاری و به‌رچاو روونیه‌كه‌مان له‌سه‌ری نه‌بوو، بۆیه ئه‌مه وای كردووه كه ئێسته بارگرانییه‌كی زۆر بۆ بازرگانان و شۆفێرانی هه‌رێم دروست بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "وه‌ك نووسینگه‌كانیش، تا ئێسته به‌رچاو روونیمان نییه له‌م سیستمه تازه‌یه، ته‌نیا رۆژێك پێش ئێسته له‌رێی مۆبایله‌وه پێناسه نوێیه‌كه‌مان پێگه‌یشتووه".
هاوكات عه‌دنان تۆفیق بازرگان له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ به "وشه"ی راگه‌یاند، "بێگومان به‌هۆی زیادكردنی باج و رسووماتی گومرگی له‌سه‌ر چه‌ند كاڵایه‌ك، ئه‌مه ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر دۆلارێك باج زیاد بكات، وه‌ك خاوه‌ن كار ئێمه‌ش دوو دۆلار بخه‌ینه سه‌ر كاڵاكان و به‌وه‌ش نرخه‌كان له بازاڕه‌كانی كوردستان، له‌سه‌ر هاووڵاتییان به‌زرتر ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ بارودۆخی دارایی و ئابووریان یه‌ك ناگرێته‌وه".
"وشه" بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر چه‌ندان جار پێوه‌ندی كرد به به‌رپرسانی باڵای مه‌رزی باشماخ و گومرگی مه‌رزه‌كه‌وه، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بده‌ن.
مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ نزیكه‌ی شه‌ش كیلۆمه‌تر له شارۆكه‌ی پێنجوێنه‌وه دووره و له ساڵی 2007وه وه‌ك مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كاروباری بازرگانی و گه‌شتیاری لێوه ئه‌نجام ده‌درێت.
پێنجوێن/رێبین پێنجوێنی