هەڵدانەوەی دیوی پشتەوەی هەڵبژاردنی سوودانی

PM:03:00:05/11/2022 ‌
هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بە ڕواڵەت بەشێوەیەکی دیموکراتی و سازانی لایەنەکان و لە هۆڵی پەرلەمان و بێ دەستێوەردانی دەرەکی کراوە. زۆر کەس و لایەن پێیان باشە وەک شانۆیەکی رەسەنی عێراقی ئەمە پێشان بدەن و مەبەستیانە تەنیا سەرنجی ئەم شانۆیە بدرێ و دەست نەبرێت بۆ هەڵدانەوەی دیوی پشتەوە و ستافی ئەم شانۆیە. بەڵام لێرە هەوڵ دەدین تیشک بخەینە سەر ناوەڕۆکی ئەم شانۆیە و ستافەکەی و وەڵامی چەندان پرسیاریش بدرێتەوە.

پێش هەموو شتێك و لە ئاستی ناوخۆییدا هەڵبژاردنی سوودانی دەریخست، لە عێراقدا شتێ بەناوی دیموکراسی نەماوە. لە بنەڕەتدا لە سیستمێکی دیموکراتیدا هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەکرێ لایەن یان حزبێک کە زۆرینەی دەنگی گەلی بەدەست هێناوە، لە ماوەی چوار ساڵدا بکرێ بە لێپرسراوی کاروباری ئەو وڵاتە. ئەمە سەرەتایترین بنەما و رێسا دیموکراسییە و هیچ مشتومڕێکیش هەڵناگرێ. لە کاتێکدا شانۆی عێراقی رێک پێچەوانەی ئەم رێسا سەرەتاییە بوو. 

ئەو لایەنانەی دۆڕاوی هەڵبژاردنن و متمانەی گەلیان لەدەست داوە، بە دەر لە سندوقی دەنگدان و بە جووڵاندنی کارتی نایاسایی و نائاسایی ناوخۆیی و دەرەکی، رەوتی رووداوەکانیان لە قازانجی خۆیان گۆڕی و براوەیان بە فەرمی لە هاوکێشەکە وەدەرنا و لە کۆتاییدا خۆیان دەستیان بەسەر دەسەڵاتێکدا گرت کە گەل پێشتر لەو کورسیەدا کارتی سووری پێدابوون.

دەکرێ هەڵبژاردنی سوودانی وەک کۆتایهاتنی سیستمی دیموکراسی لە عێراقدا پێناسە بکرێ، لێرە بەدواوە عێراق دیکتاتۆری کەمینە بەڕێوەی دەبات، بەڵام بە تامی دیموکراسی زۆرینە و دەکرێ ناوی بنرێ دیکتاتۆرییەکی ماکیاجکراو. 

دیکتاتۆرییە، بەڵام بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا شەڕ و ئاژاوەی لێنەکەوێتەوە، ماکیاجێکی جوانیان کردووە و رەوتی رووداوەکانیشیان وا رێکخستووە وەک هەڵبژاردنێکی دیموکراتی دەرکەوێت.
  
هەروەها ئەگەر دیموکراسی پێوەر بووایە، رەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی بێ کێشە و گرفت دەبووایە حکوومەتیان پێکبهێنایە. بەڵام ئەمجارە بەڕوونی و ئاشکرا دەرکەوت، دیموکراسی پێوەر نییە، بە پێچەوانەوە ئەوە گوشاری دەرەکییە کار لە هاوکێشە ناوخۆیی و رێساکانی دەکات و ناهێڵێت رووداوەکان تەنیا فاکتەری ناوخۆیی دیارییان بکەن. 

لەم هاوکێشەیەدا رەوتی سەدر بەپێی پێویست یارمەتی و پاڵپشتی دەرکی نەبوو، واتە لە دەستێوەردانی دەرەکیدا تەنیا گوشاری بەرکەوت و ئەو دەوڵەتانەی گریمانەی ئەوەیان لەسەر دەکرا پاڵپشتی لە رەوتی سەدر بکەن، جووڵەیەکی ئەوتۆیان نەکرد و ئەویان بەتەنیا جێهێشت. 

سەدر خۆیشی کەموکورتی زۆر لە کەسایەتیدا هەیە، یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی ئەگەر لە ئاستی خۆی زیاتر گوشاری بخرێتە سەر، دەکەوێتە کاردانەوەی هیستریای و لە دۆخی ئاسایی دەردەچێت.

ئەوانەی کەسایەتی و باری دەروونی ئەویان بە باشی دەناسی، کەوتنە گێچەڵکردن پێی و گوشاری لە رادەبەدەریان خستە سەری و تووڕەیان کرد، بەو هیوایەی لە دۆخی ئاسایی دەربچێت، هەرواش دەرچوو. بۆیە کەوتە جووڵەی نامۆ و نائاسایی و لە کۆتاییشدا بڕیارێکی دا نە لە بەرژەروەندی خۆی بوو، نەك لە بەرژەوەندی عێراق و گۆڕەپانەکەیشی بە ئاسانی بۆ نەیار و رکابەرەکانی بەجێهێشت.
دەبێ ئاماژە بەوەیش بدرێ كە بەدەر لە دیوی دەروونی و لاوازی کەسایەتی سەدر، ئەو بڕیارە دەریخست رەوتی سەدر تووشی تەنیایی ستراتیجی بووە.

پێشتر باس لەوە دەکرا ئەم هەڵبژاردنە و دروستکردنی حکوومەتی نوێ جیاواز دەبێت، لەبەرئەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا و هەروەها چەند وڵاتێکی هەرێمی بە رژدی هاتوونەتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی هاوکێشەیەکی تازە بۆ عێراق دیاری بکەن و لە ژێر سێبەری تاران دەری بێنن. ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 ئەم گریمانەیەی بەهێز کرد. 

بەرەی نزیک لە رۆژئاوا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بۆ یەکەمجار لە عێراقدا، ئێران بە لاوازی بینرا. سەدر زۆر بە بەهێزی دەرکەوت و توانی هاوپیمانێتییەکی گەورە پێک بێنێت، بەڵام ئەمە قۆناغ و گێمی یەکەمی ململانێیەکی دوورودرێژ بوو. ئەو شتەی دەیتوانی هەلومەرجەکە بە تەواوەتی بگۆڕێ و دەستەبەری دۆخێکی تازە بۆ عێراق بکات، بەردەوامی پاڵپشتی رۆژئاوا و چەند وڵاتێکی هەرێمی بوو. بەڵام لە ناکاو هەموو شتێ گۆڕانکاری بەسەردا هات. 

لە سەروویانەوە ئەمەریکا و پاشان بەریتانیا و ئیمارات و تورکیا و چەند وڵاتێکی تر، لە هەڵوێست و سیاسەت و ستراتیجی رابردوویان پاشەکشەیان کرد و ئامادە نەبوون لەوە زیاتر وەبەرهێنان لەسەر سەدر بکەن. ئەوەبوو سەدر بە تەنیا مایەوە. ئەم تەوەرە یان ئەم بەرەیە پێشانی دا تا ئاستێک ئامادەیە سیستمی سیاسی عێراق بگۆڕێت و لەوە بەدواوە نایەوێت ئەو کارە بکات. 

بە ئاشکرا دەرکەوت رۆژئاوا و وڵاتانی بەرەی سوننە لە ناوچەکەدا، نایانەوێ نەزم و ئۆردەری ناوخۆیی عێراق بشێوێنن و پێیان باشە ئەگەر لە بەرژەوەندییشیان نەبێت و خزمەتی ئەوانیش بکات، ئەم ئۆردەرە جارێ وەک خۆی بمێنێتەوە. 

پێدەچێت ئەمە پێوەندی بە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە هەبووبێت. ئەمەریکا و رۆژئاوا نایانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەرەیەکی تری گەورەی دژ بە خۆیان بکەنەوە، بە جۆرێک باری سەرنجیان لەسەر شەڕی ئۆکرینا و ململانێكانی رۆژهەڵاتی ئاسیا لا بدات. ئەوەبوو لە عێراق جۆرێك لە پاشەکشێی کاتی و تەکتیکییان ئەنجامدا.   

ئەم پاشەکشێیە ئەگەر بە دیوێکی تردا سەیر بکرێ، بە مانای ئەوەیە بەرەی تاران دەستی بۆ جووڵاندنی کارتەکانی ئاواڵەتر دەبێت. ئێران لە دوای سێی کانوونی دووەمی 2020ـەوە ئامادەیی و کۆنترۆڵ و دەستڕۆیشتوویی لە عێراقدا وەک جاران نەمابوو. ئەم هەڵەیەی قۆستەوە بۆ ئەوەی میکانیزمی دانانی حکوومەتی نوێ و یاسا و رێسای بەڕێوەبردنی وڵات و دەوڵەت لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێتەوە و دەسەڵاتی جارانی نوێ بکاتەوە.

تاران توانی لە ماوەی چەند مانگدا کارت و هێزەکانی بەردەستی رێک بخاتەوە و بە تەکنیک و تاکتیک و ستراتیجی نوێ، گێمی دووەمی یارییەکە دەست پێ بکاتەوە. لە ئەنجامیشدا تا ئاستێكی باش یارییەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ هێنا.

ڕاستییەكەی هەڵبژاردنی ئەمجارە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەتەواوەتی دەریخست بەغدا لەم شانۆیەدا هیچ رۆڵێکی نییە، ئەکتەرەکان بە ڕواڵەت عێراقین، بەڵام لە دەرەوە جووڵەیان پێ دەکرێت. یاسای کاری ئەم شانۆیەش هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ دیموکراسی و متمانە و دەنگی گەلدا نییە. بەڵكو ئەوەی چارەنووسی ئەم یارییە دیاری دەکات ململانێی زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە. 

محەمەد شیاع سوودانی بەرهەمی ئەم هاوکێشەیە بووە و زیاتر لە بەڵێندەرێک یان ئەکتەرێکی سینەما و شانۆ دەچێ کە گرێبەستێکی کردووە بۆ ئەوەی ماوەیەک رۆڵ بگێڕێت، بەڵام نە خۆشەویستی جەماوەری هەیە نە کەسایەتییەکی ئەوەندە بەهێزی هەیە بتوانێ لە قسەی دەرهێنەر دەربچێت.