بەسەرھاتی سۆرانی جوانەمەرگ كە بووە قوربانی ریفراندۆم

تەلەفۆنم بۆ پارێزەر زانا نەبەز كرد بچین بۆ رێستۆرانتێك نانی ئێوارە بخۆین، دواتر پیاسەیەك بكەین و كەمێك چێژ لە دیمەنەكانی پایتەخت وەربگرین. ئێوارە سەعات نۆ یەكمان بینی و بەدەم نانخواردنەوە دەمەتەقێمان دەكرد، باسی ئابووریی ئێستە و سیاسەتی داگیركارانی كورد و ریفراندۆممان دەكرد. پیاوێك لە مێزەكەی تەنیشتمان ھەستا و ھاتە لامان، خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان بوو، بە ناوی كاك "كەریم". 

دوای یەكترناسین، گوتی گوێم لە گفتوگۆكەتان بوو، بۆیە حەز دەكەم شتێكتان بۆ بگێڕمەوە، ئێمەیش بە خۆشحاڵییەوە گوێمان بۆ راگرت و گوتی، من خەڵكی مھابادم، نە پارتیم نە یەكێتی و نە دیموكرات و حزبی تر، بەڵكو كوردم و كوردستانیم، سەرۆك بارزانی بە باوكی خۆم و بە رۆڵەی مھاباد دەزانم، ھەموو كوردێكی رۆژھەڵات ئەو پیاوەیان خۆش دەوێت، لەبەرئەوەی پێ بە پێ كارەكانی قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی دەكات و جێبەجێكار و تەواوكاری پرۆژەكەی ئەوانە. 

 لێم پرسی ئەی ئەو باسە گرنگە چی بوو كە وایكرد تۆ بھێنێتە سەر مێزەكەی ئێمە؟ گوتی، بەسەرھاتی گەنجێكی كوردی ٢٥ ساڵانە كە خەڵكی سەقز بوو، بە ناوی "سۆران"، تاقانەی دایك و باوكی بوو، بەھۆی ئەوەی سێ برای لەسەر كوردایەتی و بەدەستی دەوڵەتی ئێران لە سێدارە درابوون. سۆران لە كاتی بانگەشەی ریفراندۆم و یەكگرتنی كۆمەڵەی كورد لە باشوور، لای ئێمە ئاھەنگیان دەگێڕا، دەیان ملیۆن كورد چاوەڕێی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بوون لە باشوور، تا بڵێین ئێمەیش دەوڵەتمان ھەیە. ئەوەبوو پاسدار و چەكدارانی ئێران ھاتنە سەر ئاھەنگەكە و 400 لاوی كوردیان دەستبەسەر كرد و ھەر لەوێ 30 گەنجی خوێنگەرم بە فیشەك شەھید كران. 

دوای ھەڵكێشانی ھەناسەیەكی قووڵ، كاك كەریم بەردەوامی بە قسەكانی دا، سۆران یەكێك بوو لەو 400 كەسەی دەستبەسەر كران، بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی و سەرپەرشتی ئاھەنگەكانی ریفراندۆم دادگایی كرا. باوكی سۆران زۆر دەوڵەمەندە، ھەرچەند پارەی دا و ھەرچی كرد بۆ ئەوەی كوڕەكەی ئازاد بكرێ، سوودی نەبوو. تا رۆژێك بەرپرسانی گرتیگە پێیان گوت قوتوویەك شیرینی بێنە و وەرە.                                                                                                    دایك و باوكی سۆران زۆر بە دڵخۆشی بە شیرینییەوە چوون بۆ لایان، لەوێ لێیان وەرگرتبوون، بەڵام زۆر دڵڕەقانە گوتبوویان ئەو شیرینییە بۆ ئەوەیە كوڕەكەتان لە سێدارە دەدرێ.

بەگوتەی كاك كەریم، لە كۆتا دانیشتنی دادگاییدا، دادوەر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ سۆران دەركردووە، دایكی گریا و بەسەری خۆیدا كێشا و گوتی، هەر ئەم كوڕەم ماوە توخوا لێم مەبەن، بەڵام سۆران رووی لە دایكی گوتی، دایكە بۆچی دەگری، كەی بینیوتە رێوی دە بەند و زنجیر بكرێ، ھەر شێرە دە قەفەس دەكرێ، ئەگەر من و دەیانی وەك من لە سێدارە بدرێن، ملیۆنان لە رۆڵەكانی قازی لە رێدان بۆ تێكۆشان.

ئیتر خەمی ئێمەی داگرت و كاك كەریمیش فرمێسك بە چاوەكانیدا ھاتنە خوار و گوتی، سۆران لە سێدارە درا، بەڵام زۆر مەردانە بە دەنگێكی بەرز و دلێرانە هاواری دەكرد، دایكە نەكەی جلی رەش لەبەر بكەیت، ھەر جارێ ھاتیە سەر گۆڕیشم، بە جلی سوورەوە وەرە با جەرگی دوژمن پڕ بێت لە خوێن، ئەوە وەسیەت بێ لە منەوە. دواجاریش ھاواری كرد، بژی كوردستان، بژی رێبازی قازی، بژی باوكی كورد سەرۆك مەسعوود بارزانی.               

 بێویژدانی رژێمی ئێران لە ئاستێكدا بوو، دوای سێدارەیش تەرمی سۆرانیان نەدایەوە دایك و باوكی، بەڵكو گۆڕگومیان كرد، ئینجا لە حەیبەتان باوكی سۆران بە ملیۆنانی خەرج كرد تا گۆڕەكەیان بە بەرتیل پێشان دا، داخی سەخت ئەوەبوو لە یەكەم سەرداندا بۆ سەر گۆڕەكەی، دایكیشی ھەر لەوێ گیانی دەرچوو.

كاك كەریم بەتەواوی چووە ناو یادەوەرییەكانی سەردەمی ریفراندۆم و باسی لەوە كرد، ئێمە لە رۆژھەڵات چاومان لە باشوور بوو، دەست بە دوعا و چاو بە فرمێسك چاوەڕوانی دروستبوونی دەوڵەت بووین، كەچی ھەواڵی خیانەتی ١٦ ئۆكتۆبەر گەیشت، هیوای كورد رووخا و كەوتە گۆڕ و تازیەبار بووین. باوكم كە پیاوێكی بە تەمەنە، فرمێسك بەناو ریشە سپییەكەیدا ھاتە خوارەوە و گوتی، ھێشتا دووكەڵی خیانەت ئاسمانی باشووری بەرنەداوە و بۆنەكەی دە لووتمان ماوە، دووبارە بنەماڵەی بارزانی و ھەموو كورد خەنجەریان پێ كەوت، بەردەوامیش بە دەستە لەرزۆكەكانی لە چۆكی خۆی دا و دەیوت، خۆزگە بارزانی لە رۆژھەڵات وەڵا بە رۆح و گیان دیواری بەرگریمان بۆ دروست دەكرد.