(یادێك له كرێكارانی ئه‌نفالكراوی كوردستان)
نامه‌وێ ئه‌م یاداشته‌م وه‌ك یادكردنه‌وه‌یه‌كی یه‌كی ئایار واته ڕۆژی جیهانیی كرێكاران بخوێنرێته‌وه یان لێك بدرێته‌وه، چونكه له بنه‌مادا مه‌به‌سته‌كه‌م ئه‌وه نییه و ناشمه‌وێت یادی ڕۆژێك به‌رز ڕابگرم كه ڕۆژی سته‌م و دۆخی ژێرده‌ستی كرێكارانی دنیا و له‌وه‌ش گرنگتر كرێكارانی پارچه جیاجیاكانی كوردستانه.
كرێكار واته ئه‌و كه‌سه‌ی له باتی ئه‌و كار و خزمه‌ته‌ی پێشكه‌شی ده‌كات، كرێ و پاداشت وه‌رده‌گرێت، هه‌ڵبه‌ت بابه‌ته‌كه هه‌ر به‌مه‌دا ناوه‌ستێت و ده‌لاله‌ته‌كانی ژێر ئه‌م ڕستانه سامناكترن، واته كرێكار جگه له هێزی ده‌ست و جه‌سته‌ی، هیچ ڕێز و پێگه‌یه‌كی مرۆیی له سیستمه كاپیتالیستییه‌كاندا بۆ دیاری ناكرێت و ئه‌مه مه‌ترسییه‌ك بوو كه كارڵ ماركسی فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی، نزیكه‌ی دوو سه‌ده پێش ئێسته له ژێر ناوی به‌كاڵاكردنی مرۆڤ (كرێكار) و داماڵینی هه‌ر به‌هایه‌كی مرۆڤانه، له‌م چینه زه‌حمه‌تكێش و به‌ڕێزه‌ی كۆمه‌ڵگه ناوی برد.
چه‌مكی كرێكار یان پرۆلتاریا به زۆری له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چینی سه‌رمایه‌دار و سیستمی كاپیتالیسمی جیهانی پێناسه كراوه، به‌پێی هاوكێشه‌یه‌كی قازانج و سه‌رمایه و ئامێره‌كانی به‌رهه‌مهێنان كه له‌م سیستمه‌دا زاڵ كراوه و باڵاده‌سته، كرێكاران سووته‌مه‌نیی ڕاسته‌وخۆی به‌رهه‌مهێنانن و كۆڵه‌كه‌ی شارستانییه‌ته‌كان له‌سه‌ر شانی ئه‌وان بووه. بێگومان هیچ میتۆد و ڕێبازێكی فیكری و سیاسیی وه‌ك ماركسیزم و شیوعییه‌ت، به وردی و قووڵی نه‌پرژاوه‌ته سه‌ر كرێكار و مافی كرێكاران، دنیایه‌ك ده‌قی فه‌لسه‌فی و سیاسی و شرۆڤه‌ی قووڵ و شیكارانه‌ی هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌م شه‌پۆل و ڕه‌وته گه‌وره هزری و سیاسییه‌وه، ئێسته‌ش له سه‌رانسه‌ری دنیادا ئه‌و یاده به هه‌مان بازنه‌ی جاراندا ده‌كه‌نه‌وه و خۆپیشاندان و ڕێكخستن و ڕێپیوان دژی سیستمی كاپیتالیسم به‌رده‌وامه.
گومان له‌وه‌دا نییه كه بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له دنیادا و بیری چه‌پ له سه‌رتاپای مێژوودا هه‌میشه هێزێك بووه دژی سیستمی چه‌وسێنه‌ری زاڵ، سیستمی چه‌وسێنه‌ری زاڵیش مه‌رج نییه حه‌تمه‌ن و 100% بنه‌مایه‌كی كاپیتالیستی هه‌بووبێت، زۆربه‌ی بزووتنه‌وه كوردییه‌كان، پێیه‌كیان له ناو بیری چه‌پ بووه و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌كانی ڕه‌نجده‌ر و زه‌حمه‌تكێش و جووتیاردا نامۆ نه‌بوون. ئه‌مه‌ش به‌شێكی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ شه‌پۆلی ماركسیزمی ئه‌وكات كه ماویزم و لینینیزمی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین زاڵ كرد، به‌شێكیش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیارییه‌ی كه كوردی تێدابوو، به‌ڵام بزووتنه‌وه چه‌په‌كانی كوردستان هه‌ر دوای ماوه‌یه‌ك (دره‌نگ یان زوو) و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و هاوكێشه‌ی كرێكاریی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی تێگه‌یشتن كه خه‌ونی ڕووخانی ئه‌مپریالیزم، زیاتر له وه‌همێك و هیوایه‌كی دوور ده‌چێت ئه‌وه‌ی كه پێویسته و نزیكه، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستان و بیری نه‌ته‌وه‌یی و شۆڤێنیی عه‌ره‌به.
مێژوو سه‌لماندی هه‌م حزبی كۆمۆنیستی ڕووس و هه‌م حزبی توده‌ی ئێرانی و حزبه شیوعییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌وانه‌ش سووریا و عێراق، خوێنی كرێكارانی وڵاتانی خۆیانیان له خوێنی كرێكارانی كوردستان پێ ڕه‌نگینتر و جوانتر بوو. بۆیه حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتیراكی له ژێر ناوی یه‌كده‌ستكردن و ده‌ستكاریكردنی پێكهاتی نه‌ته‌وه‌یی عێراق و ناوی به‌رژه‌وه‌ندی پرۆلتاریزمی جیهانی! له بنه‌ماادا پیاده‌كردنی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی به هه‌موو هێزییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ژینگه و ژیان و دار و به‌رد و مرۆڤی كوردستان بووه‌وه. ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و پاكتاوكردنی بارزانییه‌كان، ته‌نیا به‌شێك له پڕۆژه پراكتیزه‌كراوه‌كانیان بووه.
به‌بۆچوونی من ماركسیزم و شیوعییه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ((ژێرخان)) و ((سه‌رخان))ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه، سه‌رخانه‌كه‌ی ئه‌و ڕسته و گوزاره و ده‌سته‌واژانه‌ی ماركسیزم و شیوعییه‌ت و بیرمه‌ند‌انی وه‌ك ماركس و لینین و ما‌و بوو، ژێرخانه‌كه‌شی ناسیونالیزمی خۆپه‌رست و خێڵه‌كییانه‌ی كولتووره به‌ده‌وییه‌كانی ناوچه‌كه بوو، واته شۆڤێنیزمی هه‌ر كام له‌م وڵاتانه بووه، بۆیه له هیچ كام له‌و وڵاتانه حكوومه‌تێكی ماركسی دانه‌مه‌زراوه، نه له ئێران و نه له هیچ كام له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، ته‌نانه‌ت له ڕووسیاش دوای ئه‌و ماوه كورته‌ی سه‌رده‌می لینین، ئیتر جگه له قسه و نۆستالیجی شتێكی ئه‌وتۆ له ئارادا نه‌بووه.
ده‌بێ بزانین كه مێژوو پێمان ده‌ڵێت له كاتی دامه‌زراندنی حزبی كۆمۆنیستی ئێران له ساڵی 1300هه‌تاوی كه دواتر حزبی توده‌ی لێ ڕاست بووه‌وه، به زمانی فارسی و توركی قسه كراوه و لێدوان دراوه، له كتێبی ((ئه‌رانی سه‌رووتر له ماركس؛ نووسین و كۆكردنه‌وه حوسێن بروجیردی)) ئێمه ده‌خوێنینه‌وه كه له یه‌كێك له كۆنگره‌كاندا چه‌ند تورك و چه‌ند كورد به‌شدار بوون، به‌ڵام ته‌نیا به زمانی فارسی و توركی بوار درا قسه بكرێت، ئه‌م ئه‌زموونانه ئه‌گه‌رچی مێژوویه‌كی تاڵ بوون، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی پته‌و بوون بۆ وشیاربوونه‌وه و وریابوونه‌وه له‌و خه‌ونه به‌بریق و باقه‌ی كه به ناوی ڕازاوه و جوان و سه‌یره‌وه نه‌ته‌وه‌كانیان پێ ده‌چه‌وسانده‌وه.
ئایا ئه‌و هه‌موو كرێكار و جووتیار و ڕه‌نجده‌رانه‌ی كوردستان كه ئێسته‌ش ئێسك و پرووسكه‌كانیان له بیابانه‌كانی خوارووی عێراق و نێوان سعوودیه و عێراقه، خوا ده‌زانێ بوون به خۆراكی كام دووپشكی عه‌ره‌بی و ماری شام و مارمێلكه‌ی عوكاز و... له‌لایه‌ن چه‌پی جیهانییه‌وه ئاوڕیكیان لێ درایه‌وه؟ كام ڕێكخراوی جیهانیی كرێكار و چه‌پ هاته ده‌نگ و هاوارێكی بۆ مێژووی پڕ له چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكارانی كورد هه‌ڵبڕێ؟ یان نا ئه‌وانیش وه‌ك جه‌مسه‌ری به‌رانبه‌ریان واته كاپیتالیزم و ئه‌مپریالیزمی جیهانی به‌پێی سیاسه‌ته‌كانی ئیپۆرتۆنیزم (هه‌لپه‌رستی) و ماكیاڤیلیزمی خۆپێناسه‌كراویان بێده‌نگییان لێ كرد؟ یان ته‌نانه‌ت باڵی ئایدۆلۆژیكیی دژبه‌ری هه‌ردوولایان واته ئیسلامی سیاسیی به خاتری مه‌سڵه‌حه‌تی وڵاتانی مسوڵمان، كرێكارانی كوردی پشتگوێ خست؟.
وه‌ك چۆن سێ ڕۆژ دوای كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، ڕێكخراوی كۆنفرانسی ئیسلامی دانیشتنی كرد و ناوێك له هه‌ڵه‌بجه نه‌هات! لێره‌دا كه ئه‌و هه‌ڵوێست و وریابوونه‌وه‌یه مێژووییه دێته ئاراوه كه هه‌ڵوێستی سیستمێك، وا له‌سه‌ر بنه‌مای ماتریالیزمی دیالیكتیكی و دژه میتافیزیك ڕۆ نراوه و سیستمێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وحید و خواپه‌رستی و ئیسلامی سیاسی دامه‌زراوه، له یه‌ك ده‌لاقه‌وه چاو له كرێكاری كورد ده‌كه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به‌پێی به‌هاكانی ئه‌وان نه‌بن، قڕیان ده‌كه‌ن و ئێسك و پرووسكیشیان لێ ون ده‌كه‌ن!.
ئه‌م باسانه ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كی ساده و پرسیارئامێزن بۆ ئه‌وه‌ی به گوێی ئه‌و سیستمه و گوتاره شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی جیهانی بده‌ین، با زۆرترین ڕێژه له هۆگر و لایه‌نگر و گیانفیدایی هه‌بێت كه به‌ڵێ كرێكارانی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان یه‌كسان نین، كرێكاری ئه‌و نه‌ته‌و‌انه‌ی كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه و له ڕێكخراوه جیهانییه‌كاندا ئاڵایه‌كیان هه‌یه و ده‌توانێ هۆكارێكی كاریگه‌ر بێت، خوێنی ڕه‌نگینتره له كرێكاری كورد له ده‌شتی گه‌رمیان و ده‌ڤه‌ری بادینان و بارزان! بۆیه ئه‌م ڕۆژه نه‌ك به ناوی كرێكارانی دنیا، به‌ڵكو به‌ناوی كرێكارانی جینۆسایدكراوی كوردستان ده‌بێت یاد بكرێته‌وه!.