بانگهێشتی فه‌رمیی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن تارانه‌وه بۆ دانیشتن و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته و له‌وانه‌ش سه‌ید عه‌لی خامنه‌یی ڕیبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، له ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆجییه‌وه کۆمه‌ڵێک ئاماژه‌ی ئاشکرا و شاراوەی هه‌بوو و تا ئێسته‌یش شیکارییه‌کان به‌رده‌وامن. له‌لایه‌ن هه‌ندێک له ڕۆژنامه‌نووسانی ده‌مارگرژی ئێرانی به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی فۆبیای کوردیان هه‌یه یان به ده‌ربڕینێکی دیکه "کوردۆفۆبیا"یان هه‌یه، ئه‌م دانیشتنه به‌پێی پۆرپتۆکۆلی دیپلۆماسی فه‌رمیی له‌لایه‌ن ئێرانییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه نه‌چووه، ئه‌مه وه‌ک هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کان و مه‌ودای دوور و نزیکیی کورسییه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران به نموونه ده‌هێننه‌وه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه چه‌واشه‌کارییه‌کی ڕوون و ڕیپۆقنه و ته‌واو دیماگۆجی و خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکه.
ئه‌گه‌ر گه‌ڕانێکی ساده و ئاسایی به ناو مه‌کینه‌کانی ئینته‌رنێت وه‌ک گووگڵ و یاهوودا بکه‌ین، ده‌یان وێنه‌مان له دانیشتن و دیداری سه‌رۆکی باڵای وڵاتان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ دێنێت که نه‌ک ته‌نیا ئه‌و ده‌عیه و قسه و بانگه‌شه فریوده‌رانانه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵکوو ده‌ریده‌خه‌ن به‌هایه‌کی جیاواز بۆ دروستبوونی کۆریدۆری دیپلۆماسیی نێوان هه‌ولێر-تاران له‌لایه‌ن ئێرانییه‌کانه‌وه دانراوه.
به سه‌رنجدان له وێنه‌ی ئه‌و دیدارانه‌ی سه‌رۆکی وڵاتان و ڕێبه‌ری باڵای ئێران، ده‌رده‌که‌وێت دیداره‌که هه‌مان هۆڵه که سه‌رۆکی هه‌رێمی تێدا بووه و جگه له ئاڵای کۆماریش هیچ ئاڵایه‌کی دیکه‌ی تێدا نییه، ئه‌م دیداره ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ پووتینی سه‌رۆک کۆماری زلهێزێکی وه‌ک ڕووسیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆکی تورکیا، هه‌ر به‌هه‌مانشێوه بووه، به‌ڵام جیاوازییه‌که له‌وه‌دایه له دانیشتنه‌که له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌ودای نێوان کورسیی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌ید عه‌لی خامنه‌یی که‌متر بوو، واته نزیکتر له‌یه‌ک دانیشتبوون، ئه‌مه‌یش ئاماژه و نیشانه‌ی باشه‌یه. پێویست به گوتن ناکات له عورفی دیپلۆماسی و زمانی جه‌سته و دانیشتن‌دا، ئه‌مه مانایه‌کی جگه له حه‌زی ئه‌وان واته ئێرانییه‌کان بۆ قووڵبوونه‌وه و خستنه‌گه‌ڕی وه‌رزێکی نوێی ئه‌رێنی له پێوه‌ندیی تاران و هه‌ولێر، هیچیتر نییه.
ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بابه‌ته‌که چه‌واشه بکه‌ن، زیاتر ده‌مارگرژ و کوردۆفۆبیاییەكانی ناو ئێران و هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌نگانه‌ی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستانن که له مێژه ئه‌م لادان و کوردخۆرییه‌یان کردووه به پیشه. گومانێک له‌وه‌دا نییه دیپلۆماسیی کارامه ئه‌و ڕێبازه‌یه که ده‌توانێت هاوکێشه‌ی نه‌گۆڕ و جێگیری دۆست و دوژمن هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و له‌سه‌ر کایه و فۆرمێکی نوێ ڕێکی بخاته‌وه و خاڵی دیاری زۆربه‌ی دیموکراسییه سه‌رکه‌وتووه‌کان ئه‌وه‌یه که به‌پێی ئامانج ده‌ڕۆنه پێشێ نه‌ک به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و لایه‌نداریی به‌رته‌سک و ته‌نگه‌به‌ر. واته گرینگ نییه ئێمه ئه‌مڕۆ دژی به‌شار ئه‌سه‌د بین یان نا، به‌ڵکوو گرینگە کەی دیپلۆماسیی پێی وتین کاتی دانوستان و مسۆگه‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه، بتوانین به مه‌عریفه و گوتارێکی کوردستانییه‌وه دانیشین و دانوستان بکه‌ین و گوێ به هه‌ڵوێستی لایه‌نی بچووک و كورتبین نه‌ده‌ین.
به‌ڕای زۆر له چاودێرانی سیاسیی ئێران، ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت ببێت به ده‌روازه‌یه‌کی درێژخایه‌ن بۆ جێگیربوونی سه‌قامگیریی زیاتر له ناوچه‌که‌دا و بڕ و بیانکه‌ی ئێرانیش بۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی چ به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و چ به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، له هه‌رێم ببڕێت. ئه‌مه ڕوونترین و هاوکات یه‌کێک له باشترین ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م گەشتە دیپلۆماسییه‌ی شاندی هەرێم ووه.
دیاره بابه‌ته‌که ته‌نیا به‌مه کورت نابێته‌وه و لایه‌نی میدیاییشی هه‌یه. میدیای ئێرانی پێشتر و به بۆنه‌ی هه‌ر ڕووداوێک چ سیاسی، چ کولتووری و چ مێژوویی، کاتێک باسی هه‌رێمی کوردستانیان کردووه هه‌ندێ جار ته‌نیا "هه‌رێم"ه‌که‌یان واته "اقلیم"یان هێناوه و کوردستانه‌که‌یان قرتاندووه و جارناجار له باتی کوردستانه‌که عێراق"یان داناوه، واته کردوویانه به هه‌رێمی عێراق!
که‌سێک فارسی بزانێت اقلیم واتای زه‌وینێکی بچووک به ڕووبه‌رێکی ته‌سکه‌وه ده‌دات که هێنده‌ی ده‌لاله‌تی خێڵه‌کیانه‌ی هه‌یه، مانای مۆدێڕنی وه‌ک حوکمڕانی و ده‌وڵه‌تداریی نادات، ئه‌مه یه‌کێک له یارییه سیاسییه‌کانی هه‌موو میدیا ئێرانییه‌کان بووه که هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حکوومه‌تی هه‌رێم و کابینه‌ی یه‌که‌مه‌وه وه‌ها وه‌رگێڕانێکی مه‌به‌ستدار و خواروخێچیان بۆ کردووه، له حاڵێکدا له فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه بۆرینه‌دا وشه‌ی هه‌رێم واتای شوێنی گشتیی که موڵکی که‌سێکی دیاریکراو نییه و هی هه‌موو خه‌ڵکه، ئه‌مه‌یش زۆرترین نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ دیموکراسیی هه‌یه نه‌ک اقلیم!
ئه‌م چه‌واشه‌کارییه میدیاییه ده‌شێت له‌م پێوه‌ندییه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و هه‌ر ئێسته‌یش ئاماژه‌کانی ده‌رکه‌وتوون و له‌م ڕێگه‌یه‌وه زمان و نیگای میدیاکان ده‌گۆڕێت و له‌سه‌ر ئاگاییبه‌خشی به به‌رده‌نگی فارسی ئێرانی (که تا ئه‌م قۆناغه بۆ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی که‌ونارا و شۆڕشگێڕ و خوێنه‌وار که له چوار پارچه‌ی کوردستاندا توانیویانه نیوه‌یه‌کی نیوه له باشووری کوردستان ئازاد بکه‌ن، له جه‌هل و به‌لاڕێدابردنێکی گه‌وره‌دان) کاریگه‌ر بێت و به‌م شێوه‌یه زیاتر له ناسینی دۆزی کورد له رێگه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسی و میدیایی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیان نزیک ده‌که‌ونه‌وه.
ئه‌م میدیایانه زۆرجار که گرژییه‌کانی نێوان هه‌رێم و تاران زیاتر بووه، هه‌ر وتوویانه شیمالی عێراق و خاڵی سه‌یر ئه‌وه‌یه کاتێک میدیاکانی ناوخۆی ئێران وتوویانه شیمالی عێراق ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌یش واته ئه‌و میدیایانه‌ی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، هه‌ر به هه‌مان ڕێچکه‌دا ڕۆشتوون، ئه‌مه‌یش ده‌ریده‌خات دیپلۆماسی و سیاسه‌ت له واقیعدا چه‌نده له‌سه‌ر گوتارسازی و ڕاییکردنی ڕای گشتیش کاریگه‌ر ده‌بێت. ئه‌مه دیمه‌نێک بوو له واقیع و هاوکات کاریگه‌ریی دیپلۆماسیی و ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنێت.
ئاسۆ و دیمه‌نی پێوه‌ندیی هه‌رێم و تاران ده‌توانێت له ڕووی سیاسی و کولتووریشه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به باشی بشکێته‌وه و بیر له ڕێگه‌چاره‌یه‌کی گونجاوتر بۆ دۆخی کورد له ئێران بکرێته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌م روانگه‌یه ناباو و نه‌شیاو بێته به‌رچاو، به‌ڵام ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بین تا گه‌یشتنی کاتی دره‌وشاوه‌ی کۆتایی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد و یه‌کلابوونه‌وه‌ی دۆزه‌که‌ی، به پێی خواستی دڵخوازی خۆی، ئێمه ده‌بێت له‌ناو ئه‌رزی واقیع و هاوکێشه به‌هێزه‌کاندا یاریی بکه‌ین.
من پێم وایه هه‌ڵپێکانه‌وه‌ی پێوه‌ندیی تاران و هه‌ولێر دوای چه‌ندان ده‌سدرێژی و سته‌مکاریی تاران، دژی باشوور و هه‌ولێر، هیوایه‌کی نوێیه هه‌م بۆ هه‌رێم به تایبه‌تی و هه‌م بۆ دۆزی کورد به گشتی. ده‌شێت سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بخوێنرێته‌وه.