مه‌رزی پشته ده‌روازه‌یه‌كی بازرگانی نیمچه فه‌رمی كوردستانه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، 600 بارهه‌ڵگر تێیدا كار ده‌كه‌ن و شۆفێران ده‌ڵێن به‌هۆی كۆمپانیایه‌كه‌وه مانیان گرتووه و ده‌رگای مه‌رزه‌كه‌یان داخستووه.
تا یه‌كلا نه‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین له مانگرتن
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 12ی ئاب، بێستوون غاندی نوێنه‌ری شۆفێرانی مه‌رزی پشته به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شۆفێرانی مه‌رزی پشته مانمان له كاركردن گرتووه و مه‌رزی پشته‌مان داخستووه، هۆكاره‌كه‌شی خه‌تای كۆمپانیای لۆكس جێنسییه كه له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێنراوه‌ته مه‌رزه‌كه و بووه‌ته كێشه بۆمان، زۆر له‌و كاڵایانه‌ی هاورده ده‌كرێن له پشكنین ده‌رناچن، به‌ڵام هه‌مان كاڵا له مه‌رزه‌كانی تره‌وه داخڵی ناو كوردستان ده‌بن.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ڕۆژانه 250 بارهه‌ڵگر كاڵا له مه‌رزی پشته‌وه هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێن، 600 شۆفێری تێدایه و ئه‌و ڕێكارانه‌ی كۆمپانیاكه به‌ته‌واوه‌تی هاورده‌ی له مه‌رزه‌كه لاواز كردووه.
"كاتێك ئه‌و كاڵایانه‌ی له مه‌رزی پشته له پشكنین ده‌رناچن و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه، ته‌ماشا ده‌كه‌ین هه‌مان بازرگان، هه‌مان كاڵای له مه‌رزی باشماخ و په‌روێزخان داخڵ ده‌كات، بۆیه گومانمان له كاری كۆمپانیاكه هه‌یه، له نێوان 100 هه‌زار دینار بۆ 300 هه‌زار دینار پاره‌یش بۆ پشكنین وه‌رده‌گرن". بێستوون وای گوت.
نوێنه‌ری شۆفێرانی مه‌رزی پشته دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئێمه مه‌رزه‌كه‌مان داخستووه و هیچ به‌رپرسێك به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌مانه‌وه نه‌هاتووه، بۆیه تا یه‌كلا نه‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانمان، به‌رده‌وام ده‌بین له مانگرتن و داخستنی ده‌رگای مه‌رزی پشته.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز ڕه‌سووڵ