ڤاكسینی كۆرۆنا.. لە كێبەركێی تەندروستییەوە بۆ سەلماندنی شكۆی وڵاتان

:: PM:05:46:12/08/2020 ‌

دوێنێ سێشەم ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی رووسیا بەرهەمهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە ناوی "سپۆتنیك 5" راگەیاند، بەڵام ئەو هەنگاوەی رووسیا كە پێش ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد كەوتەوە، بووە جێی گومانی زانایانی رۆژئاوا و ئاماژەیان كرد كە لە تاقیكردنەوەی كۆتایی پەلەی تیادا كراوە و متمانە بە سەلامەتی و كاریگەرییەكەی نییە.
رووسیا دەرمانی بە تاقیكردنەوەی كەم یان بێ تاقیكردنەوە بەرهەم هێناوە
ئەمڕۆ چوارشەم وەزیری تەندروستی رووسیا رای گەیاند كە لە ماوەی دوو هەفتەدا یەكەم وەجبەی ڤاكسینەكە بەرهەم دێنن، لەو ناوەشدا 20 دەوڵەت داوای كڕینی ڤاكسینە رووسییەكەیان كردووە، لەوانەیش عێراق، كە بڕیارە بە فەرمی لە ئەیلوولی داهاتوو بێتە بەرهەمهێنان و هەمان وادەی گریمانكراوی بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكەی زانكۆی ئۆكسفۆردە. 

بەو هەنگاوە، رووسیا كتوپڕ دەچێتە ناو كێبەركێی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژ بەو ڤایرۆسە بكوژە كە تا ئێستە زیاتر لە 20 ملیۆن كەس تووشی بوونە و ژمارەی مردووانیش گەیشتووەتە سەرووی 746 هەزار كەس، زانایان پێیان وایە ئەو راگەیاندنەی رووسیا پێگەی وڵاتەكەی بە پێش سەلامەتی خەڵك خستووە لە راگەیاندنی ڤاكسینەكە، چونكە تا ئێستە تەنیا 10%ی تاقیكردنەوە كلینیكییەكان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە. 

بۆیەیش چەند وڵاتێك گومانیان خستووەتە سەر ڤاكسینەكەی رووسیا، لەوانە فڕەنسا كە دەڵێت ئەوان چاوەڕوانی بەرهەمەكەن بۆ دڵنیابوونەوە لێی لە تاقیگە گەورەكان، هەروەها ئەڵمانیا ئەویش گومانی خستە سەر جۆر و كاریگەری و سەلامەتی ڤاكسینە رووسییەكە.

ئەوە لەوكاتەی دوێنێ دوای راگەیاندنی پووتین بۆ بەرهەمهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی وریایی خۆی بەرانبەر بەو ڤاكسینە راگەیاند، بەوەی زانیارییەكانی سەبارەت بە ڤاكسینەكە ئەوەندە نییە، بۆیە زەحمەتە بتوانن هەڵی بسەنگێنن، لەوكاتەی وەزیری تەندروستی ئەمەریكا گوتی، هەوڵەكانی بەرهەمهێنانی پێكوتەیەك دژ بە كۆرۆنا، كێبەركێ نییە لەسەر یەكەمبوون، بەڵكو هەوڵ دەدەین بە پەلە ڤاكسینێكی كاریگەر و سەلامەت بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریكا و گەلانی دنیا بەرهەم بێنین.   

میخایل مۆراشكۆ، وەزیری تەندروستی رووسیا گوتی، ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن ڤاكسینە رووسییەكە سەلامەت نییە، بێ بنەمایە و هۆكارەكەی كێبەركێییە، كەسانێك پێیان وایە سەرەڕای گومانەكان لەبارەی پێكوتەكەی رووسیا، بەڵام هیوایەكی دروست كردووە بە نزیكبوونەوە لە بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی بنبڕ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە كوشتنی خەڵك بەردەوامە.

"تێكەڵەی مۆلۆتۆڤ"، بەو شێوەیە پیتەر بیتس، بەرپرسی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا وەسفی ڤاكسینەكەی رووسیای كرد، روونی كردەوە، هیچ داتایەك نییە پاڵپشتی لە قسەكانی رووسیا بكات سەبارەت بە ڤاكسینەكەی، مۆسكۆ مێژوویەكی پڕشنگداری هەیە لە بەرهەمهێنانی دەرمان و ڤاكسین دوای تاقیكردنەوەی كەم، هەندێكجاریش بێ هیچ تاقیكردنەوە، ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە ڤاكسینەكەی رووسیاتی بە "تێكەڵەی مۆلۆتۆڤ" وەسف كرد، وەك ئاماژەیەك بۆ تێكەڵەیەك ئەنجامەكەی باش و روون نییە.

ئاماژەی كرد، ئەو ڤاكسینە ئەوەیە كە دنیا پێویستی پێی نییە لە جەنگ لە دژی كۆرۆنا، بۆیە نابێ پشتی پێوە ببەسترێ و توێژینەوەكان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی گونجاو، ماری پۆڵ كینی، زانای ڤایرۆسزانی فڕەنسی و جێگری پێشووی بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی گوتی، ئەو راگەیاندنەی رووسیا پێش وەختی خۆی بووە، چونكە تا ئێستە نازانین ئەو ڤاكسینە یان هەر ڤاكسینێكی تر دەتوانن لە ڤایرۆسەكە بمانپارێزن یان نا، هەروەها ماوەی وەڵامدانەوەی چەند دەبێت، كە رەنگە بۆ چەند مانگ یان هەفتەیەك دوای وەرگرتنی ژەمی یەكەم بێت.

سەرۆكی رووسیا لەبارەی كچەكەی خۆی كە ژەمێكی ئەو ڤاكسینە رووسییەی پێ دراوە دەڵێت، پلەی گەرمی تۆزێك بەرز بووەوە و هاتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، ئەو ویستی گەلی رووسیا و دنیا لە بەكارهێنانی دڵنیا بكاتەوە، لەوكاتەی تا ئێستە رووسیا توێژینەوەكان و ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ئاشكرا نەكردووە كە وا بكەن لە ئەنجامەكان دڵنیابوونەوە رووبدات.  

شارەزایان پێیان وایە رەنگە "سپۆتنیك 5"، ڤاكسینێكی كاریگەر بێت، بەڵام وردەكاریی تاقیكردنەوەكان و ئەنجامەكانی نازانن، بۆیە ناتوانن هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، فرانسوا بالو، زانای زیندەورزانی لە زانكۆی لەندەن دەڵێت، هەنگاوەكەی پووتین سەرشێتانە و دەبەنگانە بوو، چونكە بەكارهێنانی ڤاكسینێك كە بە شێوەیەكی دروست تاقی نەكرابێتەوە، كارێكی نائەخلاقانەیە، هەر كێشەیەك لە ڤاكسینەكە و بەكارهێنانی، كارەسات دروست دەكات، لە رووی تەندروستی بۆ بەكارهێنانی و لەبارەی قبووڵنەكردنی خەڵك بۆ هەر ڤاكسینێكی تری دژ بە ڤایرۆسەكە.

دكتۆر دانی ئاڵتمان، مامۆستای بەرگریزانی لە كۆلێجی ئیمپریال لە لەندەن گوتی، پێوەرەكانی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ڤاكسینەكان زۆر سەختە، چونكە كاریگەری نەرێنی هەر ڤاكسینێك لە رووەكانی سەلامەتی و كاریگەرییەكانی، كێشەكانی ئێستە زیاتر دەكەن، بە شێوەیەك نەتوانین كۆنترۆڵیان بكەین.

لەوكاتەی ئیفەر عەلی، پزیشك لە بواری توێژینەوەی درەمان دەڵێت، ڤاكسینی خراپ، رەنگە ببێتە هۆی چوونەژوورەوەی ڤایرۆس بۆ ناو لەش لە رێگەی دژەتەنەكانەوە، زانایانی رووسیا لەوە دەترسن پووتین شكۆی وڵاتەكەی بخاتە پێش تەندروستی هاووڵاتییانی، ئەوەیش ئابووڕووچوونێكە بە هاوشێوەی بابەتی وزەبەخشەكانی لە ئۆڵۆمپیاتی زستانەی 2014 رووی دا.

ئێستە دەیان كۆمپانیای دەرمان و تاقیگە گەورەكانی دنیا سەرقاڵی تاقیكردنەوەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی بنبڕ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەوانە ڤاكسینێكی چاوەڕوانكراوی زانكۆی ئۆكسفۆرد كە بە هاوبەشی هەریەك لە ئەمەریكا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فڕەنسا بەرهەم دێت و بڕیارە تاقیكردنەوەی كۆتایی لە مانگی ئاب كۆتایی بێ و لە مانگی نۆی ئەمساڵ بەرهەم بێت، ئەوەیش وای كرد كە كێبەركێی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژ بەو ڤایرۆسەی لە ماوەی چەند مانگێك گەورەترین زیانی تەندروستی و ئابووری بە دنیا گەیاندووە، ببێتە بابەتێكی سیاسی و ئابووری و پێوەست بە شكۆی دەوڵەتانەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل