عێراق بە هاوكاری بانكی جیهانیی و یەكێتی ئەوروپا رووپێوی هەژاریی دەكات

:: AM:11:49:24/01/2021 ‌
ئەو ئامارانەی لە عێراق لەسەر هەژاریی بڵاو كراونەتەوە، زۆر بەرزن  و كارەساتبارن و بۆ زیاتر دڵنیابوون لە خراپیی دۆخەكە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەیەوێت بە هاوكاری بانكی جیهانیی و یەكێتی ئەوروپا رووپێوێكی نوێ ئەنجام بدات.

فەرمانگەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وێڕای ئاماژەكردن بە پەرەسەندنی 30%ی رێژەی هەژاریی لە هەندێك پارێزگای عێراق، رای گەیاند بۆ هەڵسەنگاندنی وردتری هەژاریی لەگەڵ بانكی جیهانیی و یەكێتی ئەوروپا، هاوئاهەنگی و هاوكاری دەكەن.

بەشێك لە دامەزراوەكانی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێداچوونەوە بەسەر ئەو پرسەدا دەكەن.


زیا عەواد كازم سەرۆكی فەرمانگەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی لەوە كردووە، خەریكی ئامادەكردنی ئەو پێوەرە گشتییانەن كە لە ئاماردا بۆ دیاریكردنی رێژەی هەژاریی دەستنیشان دەكرێن، بە هاوكاری بانكی جیهانیی و یەكێتی ئەوروپا و بەشێك لە دامەزراوەكانی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێداچوونەوە بەسەر ئەو پرسەدا دەكەن.

بەگوێرەی شەفەقنا، ئەو پێوەرە نوێیانەی بۆ هەڵسەنگاندنی  دۆخی هەژاریی لە عێراق دەستنیشان كراون، هاوشێوەی هەمان پێوەرن كە لە ساڵی 2012 خرابوونەڕوو، بەڵام  بەهۆی دابین نەكردنی بودجە، بەرنامەكە وەستێنرا  و ئێستە ئومێد دەخوازن لە نیوەی ساڵ بتوانن ئەو رووپێوە ئەنجام بدەن.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پلاندانانی عێراق، رووپێوەكە زۆر گەورە و بەرفراوانە و بە بەشداریی رێكخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەبێت.


وشە - سلێمان تاشان