بەرپرسێكی بانكی ڕافیدەینی عێراقی ئاشكرای دەكات، دەستیان بەپێدانی قەرزی 30 بۆ 50 ملیۆن دیناری عێراقی بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان كردووە و ڕێژەی سوودی سەر قەرزەكەیشیان دیاری كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی نیسان، حوسێن عەلی بەڕێوەبەری گشتی بانكی ڕافیدەین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ڕێژەی سوودی سەر قەرزی 50 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران، 30 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هاووڵاتییانیش دەگاتە ڕێژەی 5%."
ئاماژەی كرد، "داوا لە هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەكەن، سەردانی لقەكانیان بكەن، بەمەبەستی جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكان و دەستپێكردنی مامەڵەكانیان بۆ وەرگرتنی بڕی قەرزی نیشتەجێبوون."
بەڕێوبەری گشتی بانكی ڕافیدەین ئەوەی خستەڕوو، "سەرجەم لقەكانیان لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ڕاسپاردووە، كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران بكەن، تا بتوانن بەرەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ماوەیەكی كەم، بڕی قەرزی 50 ملیۆن دیناری وەربگرن."
بانكی ڕافدەین یەكێكە لە بانكە نیمچە فەرمییەكانی حكوومەتی عێراق، بەردەوام له ڕێی قەرزی پێنج تا 100 ملیۆن دینارییەوە و بەمەبەستی بوارەكانی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی یەكەی نیشتەجێبوون، كڕینی ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی كار، خوێندن، نەخۆشی و چەند بوارێكی تر، قەرزی داوەتە فەرمانبەران و هاووڵاتییان.