لە سنووری شارۆکەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، چەند پڕۆژەییەکی گەشتیاری کە خۆی دەبینێتەوە لە هۆتیل و مۆتیل و دەریاچە و تەلەفریکی و شاری یاری دەچنە واری جێبەجێ کردن.
گەشتیاران لە شەقڵاوە، بەئارەزووی خۆیان دەتوانن لە بازار و شوێنە گەشتیارەكان كاتێكی خۆش بەسەر بەرن، جگە لە هەبوونی چەند هۆتێلێكی چوار ئەسترە و پێنج ئەستێرە و هەبوونی چەندان خواردنگەی گەشتیاری لەم شارەدا. هەرچەندە شەقڵاوە بە شارێكی گەشتیاری ناسراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەندان جۆر بەرووبوومی خۆماڵی هەیە كە پێشكەش بە گەشتیاران و دانیشتوانەكەی دەكات و زۆربەی ئەو بەرووبوومانەی كە لە دەورو بەری شەقڵاوە دێن.
ئەمڕۆ سێشەم 20ی نیسان، ئیبڕاهیم شێخەڵا قایمقامی شەقڵاوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەلایەن کەرتی تایبەت بە هاوئاهەنگی دەستەی وەبەرهێنان و حکوومەتی هەرێم، سێ پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لە سنوورەکەمان دەچنە واری جێبەجێ کردن کە ڕۆڵی باشیان دەبێ لە ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ دەڤەرەکە و شەقڵاوە دەباتە قوناغێکی تر.
ئەم پرۆژانە هەلی کار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت لە شەقڵاوە و دەوروبەری
زیاتر گوتی، پڕۆژەکان لەسەر چیای سەفین دروست دەکرێن کە پێکدێن لە "دروست کردنی سێ تەلەرفیک، کۆمەڵێک موتێل، ژمارەیەک هوۆتێلی پێنج ئەستێرە، دەریاچەیەکی دەستکرد، کۆمەڵێک شوێنی یاری و پارک " جیا لەم پڕۆژانە، پڕۆژەیەکی شاری یاری گەورەی یاری لەسەر "300" دۆنم دروست دەکرێ ئەویش لەلایەن کەرتی تایبەت دەچێتە واری جێبەجێ کردن.
پێشتر شەقلاوە تەنیا هۆتێل و چێشتخانەی لێ بوو، لەمەودوا و بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە زیاتر ناوبانگ لە ڕووی گەشتیارییەوە پەیدا دەکات و هەلی کاریش بۆ خەلکێکی زۆر دروست دەبێت، گەشتیارانیش لە کەشێکی خۆشدا کات بەسەر دەبەن.
شەقڵاوە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە هەریەک لە شارەدێیەکانی "پیرمام، هیران، ههریر، باسرمه و بالیسان" شەقلاوەیان پێکهێناوه. ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عیراق رووی تێ دەكەن بە مەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە شوێنە گەشتیاریەکانی.
شەقلاوە/ موڕشید برادۆستی