پار عێراق بە 13 ملیار دۆلار شتومەكی لە توركیا كڕیوە

:: PM:05:33:25/04/2024 ‌

پەیمانگەی ئاماری توركیا ڕای گەیاند لە ماوەی ساڵی 2023دا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا گەیشتووەتە سەروو 14 ملیار دۆلار كە زۆربەیان هەناردە بووە لەلایەن توركیاوە بۆ عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 25ی نیسان، پەیمانگەی ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، هەناردەی توركیا بۆ عێراق گەیشتووەتە 12 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، لە بەرانبەردا بە بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار، هاوردەیان لە عێراقەوە هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێشتا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا نەگەیشتووەتە ئەو لووتكەیەی کە ساڵی 2020 پێی گەیشتبوو كە 17 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام پێشبینی دەكەن بۆ ئەمساڵ، بە تایبەتی دوای سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، هەڵكشانێكی تری ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست ببێتەوە و بگاتە 15 ملیار دۆلار.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، عومەر پۆلات وەزیری بازرگانیی توركیا ڕای گەیاندبوو، بنمیچی داخوازیمان بۆ ئەمساڵ 15 ملیار دۆلارە، بەو هیوایەی لە ساڵانی داهاتووشدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەكان بەرزتریش ببێتەوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر