لە ئەڵمانیا ملیۆنێك و 200 هەزار هەلی كار هەیە بەڵام كەس نییە پڕی بكاتەوە

:: AM:09:57:24/10/2021 ‌
ئەڵمانیا كە بە گەورەترین وڵاتی پیشەسازیی ئەوروپا هەژمار دەكرێت، هەلی كاری زۆرە، بەڵام كرێكاری كەمە و بۆشایی دەستی كار لە زۆربەی كۆمپانیاكان دروست بووە، هۆشداری ئەوە دەدرێ ئەگەر زوو پڕ نەكرێنەوە، ئەوا لەوانەیە زیان بە ئابووری ئەڵمانیا بگەیەنێت.

سەرۆكی ئاژانسی فیدراڵی كاری ئەڵمانیا  ئاشكرای كرد، هەلی كاریان زۆرە، بەڵام دەستی كار نییە و لە 70 پیشەی جیاوازدا، كێشەی نەبوونی دەستی كار هەیە و ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا كاریگەری خراپی بۆ سەر ئابووری ئەڵمانیا دەبێت.

دیتلۆف شیلێ سەرۆكی ئاژانسەكە ئاماژەی داوە، ئەم كێشەیە بە ملیۆنێك و 200 هەزار كرێكاری نوێ پڕ دەكرێتەوە. تەمەنی دانیشتووانی ئەڵمانیا رووی لە پیرییە و لە ساڵی 2021دا نزیكەی 150 هەزار پیشە بەتاڵ دەبن.

نەبوونی دەستی كار لەو وڵاتە، دەتوانێ ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئابووری ئەڵمانیا.


هاوكات ماركۆس یەرگەر بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ دەزگای رۆژنامەوانی "فونكە مێدیەن" داوای كردووە، كارئاسانی بكرێ بۆ ئەوەی خەڵكی پسپۆڕ و شارەزای وڵاتان بۆ ئەڵمانیا كۆچ بكەن و مافی نیشتەجێبوونیان پێ بدرێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، بە بۆچوونی ئەو بەڕێوەبەرە نەبوونی دەستی كار لەو وڵاتە، دەتوانێ ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئابووری ئەڵمانیا. ئەو هەروەها ئاماژەی داوە ئەڵمانیا زیاتر لە بوارەكانی زانستی كۆمپیوتەر، تەكنەلۆجیا، بیركاری و ژمێریاری و زانستی سروشتیی پێویستی بە دەستی كار هەیە.

قەبارەی دامەزراندن و هەلی كار زۆر لەو ژمارەیە زیاترە كە كار داوای دامەزراندن دەكەن، لە بەشێكی بەرچاوی كۆمپانیاكان بۆشایی هەیە و پێویستیان بەوەیە كەسێكی پسپۆڕ و شارەزای بوارەكە بدۆزنەوە و دایبمەزرێنن. لە ساڵی 2020دا سەتان هەزار هەلی كار راگەیەنران، بەڵام سەرووی 60 هەزار هەلی كار نەتوانرا كەسیان بۆ بدۆزرێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان