كه‌ش و هه‌وای رۆژانی نه‌ورۆز

:: PM:07:14:19/03/2017 ‌
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزە زانی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی خۆی بۆ ڕۆژەكانی نەورۆز ئاشكرا كرد و بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە هەرسێ‌ ڕۆژی نەورۆز بارانە و لە هەندێك ناوچە بەفر دەبارێت.

ئەمڕۆ یەكشەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەله‌رزە زانی هەرێمی كوردستان، پێشبینییەكانی بۆ 21 ئادار كە یەكەم ڕۆژی نەورۆزە بەو شێوەیە خسته‌ڕوو، ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە گشتی نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان باران بارین دەبێت لە ناوچە شاخاویەكان ڕێژەی باران بارین زیاتر دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاویە سنوورییەكانیش لە ئەنجامی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بەفرێكی كەم دەبارێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەله‌رزە زانی هەرێمی كوردستان بۆ دووەمین ڕۆژی جەژنی نەورۆز ئاشكرای دەكات، كە ڕۆژی چوارشەم ٢٢ی ئادار، كە دەكاتە دووەم ڕۆژی نەورۆز هەرێمی كوردستان دەكەویتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی توركیا، ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە هەندێ ناوچە بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمە باران.

لە ڕاپۆرتەكەی كەشناسی هاتووە، لە سێیەم ڕۆژی نەورۆزدا واتە ڕۆژی ٢٣ی ئادار بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و لە پاریزگای هەولێر و دهۆك نمە بارانێكی كەم دەبێت، لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی و كەركوك زۆرترین ڕێژەی باران بارینی دەبێت هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵیش هەیە لە هەندێ ناوچە.

لە 21 ئاداری هەموو ساڵێك گەلی كورد یادی یەكەمین جەژنی دەكاتەوە كە جەژنی نەورۆزە و لەو ڕۆژەدا دەچنە سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكان.


وشە - رامیار جەواد