نوێترین براندی ئۆتۆمبێل دەخرێتە بازاڕەوە

:: PM:01:52:25/10/2016 ‌

"لینك ئەند كو" نوێترین براندی ئۆتۆمبێلە كە بە شێوەیەكی هاوبەش لە لایەن هەردوو كۆمپانیای ڤۆلڤۆی سویدی و جیلی چین بەرهەم دەهێنرێت و دەبێت بە یەكەم ئۆتۆمبێلی چینی كە دەخرێتە بازاڕی ئەوروپا و ئەمەریكاوە.

یەكەم بەرهەمی ئەو براندە نوێیە بە ناوی "01" دەبێت. ئالیان وایسەر بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە گوتوویەتی، یەكەم جار كۆمپانیاكە بەرهەمەكانی لە بازاڕی چین دەفرۆشێت و دواتر هەناردەی ئەوروپا و ئەمەریكای دەكات.

تا ئێستە چین نەیتوانیوە ئۆتۆمبێلەكانی خۆی هەناردەی بازاڕی ئەوروپای رۆژئاوا و باكوری كیشوەری ئەمەریكا بكات و ئەمەش دەبێت بە ركابەرێك بۆ بەرهەمی ئۆتۆمبێلی ئەو وڵاتانە.

یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی چین بۆ چوونە نێو بازاڕی ئەوروپا، بریتی بووە لە ستانداردی خۆپاراستنی ئۆتۆمبێلەكە. بەڵام لەو بەرهەمە نوێیەدا كۆمپانیای ڤۆلڤۆ گەرەنتی بواری سەلامەتی ئۆتۆمبێلەكە دەكات.

كۆمپانیای ڤۆلڤۆ خۆی لە ئاستی دنیادا ستانداردێكی باڵای لە رووی سەلامەتی و پاراستنی سەرنشینەكانەوە هەیە و چینییەكان هیوادارن بە سوودوەرگرتن لە تواناكانی ڤۆلڤۆ، كلیلی دەرگەی چوونەژوورەوە بۆ بازاڕەكانی ئەوروپای رۆژئاوا و باكوری ئەمەریكا دەستەبەر بكەن.

كۆمپانیای جیلی لە دوای بیوایدی، چێری و گرێت وۆڵ بە چوارەم كۆمپانیای گەورەی كەرتی تایبەتی چینی هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە، دیزاینی ناو ئۆتۆمبێل، بواری سەلامەتی، تەكنۆلۆجیای ژێرخان و ژینگەپارێزی بە پاڵپشتی ڤۆلڤۆیە و دەرەنجامی ئەو هاوكارییەش بەرهەمهێنانی براندە نوێیەكە دەبێت.

كۆمپانیای شانگهای بە كڕینی كۆمپانیای ئێم جی بەریتانی و كۆمپانیای جیلیش بە كڕینی كۆمپانیای ڤۆلڤۆ، هەوڵ دەدەن زانستی تەكنیكی دەستەبەر بكەن و پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە چین پێش بخەن. ئێستە كۆمپانیای جیلی بە دامەزراندنی كۆمپانیای "لینك ئەند كۆ" هەنگاوێكی نوێی هاویشتووە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی ئۆتۆمبێل.

ئۆتۆمبێلی جۆری 01 یەكەم ئۆتۆمبێلی چینییە كە هەموو پێداویستییەكانی سەلامەتی تێدایە. شێوەی دیزاینی ئۆتۆمبێلەكە ساكار و لە هەمان كاتدا مۆدێرنە و شێوەكەی لە شێوەی كیا سپۆرتێج ١٦ نزیكە.

سیستەمی ستۆپی لەناكاو، سیستەمی ئاگاداركردنەوە پێش ئەوەی بەر شتێك بكەوێت، سیستەمی ناسینەوەی شوێنە نادیارەكان، سیستەمی ناسینەوەی پیادەڕۆ و سیستەمی هۆشداری تێپەڕین لە هێڵی دیاریكراو بۆ ئۆتۆمبێلەكە دانراوە .

بە گوتەی كۆمپانیاكە، ئەو ئۆتۆمبێلە بەردەوام بە سیستەمی ئینتەرنێت گرێ دراوە و تەنانەت هەندێك لە بەرنامەكانی ئاپدێت دەكرێتەوە و كاتێك خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەش بە قەرز ئۆتۆمبێلەكە بە كەسێكی تر دەدات، لە رێگەی مۆبایلەكەیەوە دەتوانێت چاودێری ئۆتۆمبێلەكەی بكات و ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، نرخی ئۆتۆمبێلەكە ٢٥% لە ركابەرەكانی خۆی هەرزانترە و بە ئاسانی دەتوانێت لە بازاڕەكان لە ركابەرییەكان بباتەوە.

سەرچاوە/رادیو فردا


وشە - سلێمان تاشان