كە نرخی خەیار دەبینی دەزانی هی كوردستانە

:: PM:01:23:28/05/2017 ‌

نزیكەی مانگێكە خەیاری كوردستان پێ گەیشتووە و لە بازاڕ و ماركێت و شەقامەكان دێنە فرۆشتن. بەڵام نرخەكەی ئەوەندە دابەزیوە، تەنانەت كڕیار لەكاتی كڕینەكەی هەست بە نیگەرانی دەكات، ئاخر هەمووی مانگێك تێنەپەڕیووە كیلۆی خەیاری دەرەكی بە هەزار دینار بوو، كەچی ئێستە سێ كیلۆ خەیاری ناوخۆ بە هەزار دینارە.

عەبدولقادر فرۆشیارێكی هەولێر، تابلۆیەكی چەقاندووە و پشتی پیكابەكەی پڕ كردووە لە خەیاری ناسك، لەسەر تابلۆكە نووسراوە سێ كیلۆ بە هەزار دینار، هەر كەس ئەو دیمەنە ببینێت یەكسەر بیری بۆ ئەوە دەچێت بەرهەمەكە ناوخۆیی بێت، چونكە هەر بەرهەمی ناوخۆ بووەتە قوربانیی بێپلانیی حكوومەت، خەمخۆرێك نییە پلانێك دابنێت چیتر جووتیاری كوردستان زیانی پێ نەگات و ئابووریی كوردستانیش گەشە بكات.

ئەو بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوبەشەكانی قسەی دەكرد و داوای دەكرد هەندێك خەیاری تری بۆ بنێرن تا هەر لەسەر شەقام ساغیان بكاتەوە. وەك خۆی بۆ "وشە" باسی كرد، لە گومرگ كیلۆی خەیاری بە 165 دینار كڕیوە و بە دوو هێندەی ئەو نرخە ساغی دەكاتەوە. ئەو رۆژانە دوو تا سێ تۆن خەیار لەسەر شەقام دەفرۆشێت و بە گشتی هەموو ئەو پارەیەی بۆ كڕینی خەیار تەرخانی دەكات، سەرووی پارەكەی قازانج دەكات. 

ئەو 165 دینارەی بۆ كڕینی هەر كیلۆیەك خەیار خەرج كراوە بۆ گیرفانی جووتیار نییە، بەڵكو گومرگ بە 100 دینار لە جووتیارانی كڕیوە و نیوەی ئەو قازانجەش دەچێتە گیرفانی بازرگانانی گومرگەوە.

ئەوەی لێرەدا زیانی سەرەكی بەردەكەوێت جووتیارە، ئاخر جووتیار تا ئەو خەیارە بەرهەم دێنێت، دەبێت چەندان مانگ ئارەقە بڕێژێت و پارەیەكی زۆر خەرج بكات.  

قادر عەزیز كە جووتیارێكی هەولێرە، 16 خانووی پلاستیكی كردووەتە خەیار و پێنج دۆنمی تریشی لە دەرەوەی خانووەكان چاندووە، ئێستە بەرهەمەكەی ئەو پێ گەیشتووە و رۆژانە دوو تا سێ تۆن  خەیار دەخاتە بازاڕەوە.

ئەو بۆ "وشە" گوتی "كیلۆی خەیارە ناسكەكان بە 200 دینار و ئەوەی تریش بە 100 دینار دەفرۆشم. نرخەكە ئەوەندە كەمە كە وەڵامدەری ماندووبوون و زەحمەتەكانم نییە." 

 مام قادر 100 گرام تۆوی خەیاری بە 400 هەزار دینار كڕیوە، هەر 25 كیلۆ كیمیای بە 75 هەزار دینار كڕیوە، دوو بیری ئیرتیوازی لێ داوە و لە ساڵێكدا چوار ملیۆن و 800 هەزار دینار پارەی كارەبای بۆ هاتووەتەوە، 18 كرێكار لە كێڵگەكەی كار دەكەن و خەرجییەكانی تری گواستنەوەی و گازوایلیش لە لایەكی تر بوەستن، كەچی كیلۆی ئەو خەیارە جوان و ناسكە دەبێت بە 200 دینار بفرۆشێت.

بە گوتەی ئەو جووتیارە، ماوەیەك كیلۆی خەیاری بە 400 دینار دەفرۆشت كە نرخێكی گونجاو بوو، بەڵام ئێستە بەو نرخە هیچ قازانجێك ناكات. 

كێشەی ئەو جووتیارە و جووتیارانی تری كوردستان تەنیا خەیار نییە، بەڵكو هەموو بەرهەمێكی تر لە كاتی پێگەیشتنیان دەبێت ماندووبوونەكانیان بە خۆڕایی بچێت.

كامل محەمەد سەلیم بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كشتوكاڵی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" روونی كردەوە، لە 15ی نیسانەوە باجیان بەسەر هەموو ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەدا سەپاندووە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن و لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن. ئەو دەڵێت "بۆ بەرهەمی خەیاری دەرەكی، بۆ هەر كیلۆگرامێك 250 دینار باجمان سەپاندووە".

ئەگەر بەگوێرەی داتا ئابوورییەكان بێت، ئێستە هەموو ئەو خەیارەی لە بازاڕەكان دێتە فرۆشتن دەبێت بەرهەمی ناوخۆ بن، چونكە نرخی خەیار لە گومرگ زۆر هەرزانترە لەو بڕە باجەی بۆ سەر بەرهەمی دەرەكی دانراوە و تەنیا لە یەك حاڵەتدا بەرهەمی دەرەكی سوودمەند دەبێت، ئەویش ئەوەیە بە قاچاخ هاوردەی بكات یان بە شێوەیەك خۆی لە باج رزگار كردبێت.

بەرپرسەكەی كشتوكاڵی هەولێر دەڵێت، هەر بارهەڵگرێك كە روو لە گومرگ دەكات دەبێت پسوولەی تایبەت بە پێدانی باجی پێ بێت، ئەگەر نا رێگەی پێ نادەن بارەكە لە گومرگ بەتاڵ بكات.

لێرەشدا بازرگان دەستەوەستان نییە و دەتوانێت راستەوخۆ بەرهەمەكەی لە بازاڕ ساغ بكاتەوە و بەم شێوەیە بەرهەمی ناوخۆ سووك بكات.
عەبدوڵا سوور كە بازرگانێكە و لە گومرگی هەولێر نووسینگەی هەیە بۆ "وشە" گوتی، زیاتر لە 20 رۆژە هیچ خەیارێكی دەرەكی هاوردەی هەرێمی كوردستان نەكراوە و ئەوەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیییە.

ئەو پێی وایە هۆكاری سەرەكی هەرزانیی خەیار بریتییە لە خستنەڕووی بەرهەمێكی زۆری خەیار و ئەو هەرزانبوونەش كاتیی دەبێت و دوای ئەوەی ئاستی خستنەڕوو كەم دەبێتەوە، نرخەكەشی بەرز دەبێتەوە.

هەموو بەرهەمێك دەبێت پلانی خۆی هەبێت و بەگوێرەی پێداویستی بازاڕ بەرهەم بهێنرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان لەو جۆرە پلان و ئامارانەدا  كۆڵەوارە و زیانەكەشی بۆ بەرهەمهێنەر و جووتیاری ناوخۆیە.



وشە - سلێمان تاشان