چەکدارێکی داعشی بەشدار لە هێرشەکانی کەرکووک کوژرا

:: PM:06:54:04/11/2016 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، چەكدارێكی داعش لە سنوری شارۆكەی داقوقی نێوان پارێزگای كەركوك و شارۆكەی خورماتوو كوژرا، فەرماندەیەكیش دەڵێ ماوەی چەند رۆژێكە لەسنوری داقوق خۆی وەك دەرۆزەكەر ناساندوە.

لیوا محەمەد قادر، فەرماندەی میحوەری داقوقی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە " وشە"ی راگەیاند ، ئێوارەی ئەمڕۆ نزیك كاتژمێر پێنجی ئێوارە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و كۆمەڵێ چەكداری خۆبەخشی كاكەییەوە، چەكدارێكی داعش لە كۆمەڵگەی رزگاری نزیك بە شارۆكەی داقوق كوژرا.

گووتیشی ، ئەو چەكدارە ماوەی چەند رۆژێكە خۆی وەك دەرۆزەكەر دەرخستەوە و لەكاتی برسێتی و تینوێتی داویەتی لەدەرگای ماڵان بەڵام پاشتر كە ئاشكرا بوەو زانیویەتی چاودێری دەكرێ خۆی وون كردوە.

لیوا محەمەد قادر رونیشی كردەوە، پاشماوەی چەكدارانی هەڵاتووی داعش هەوڵی دزەكردن دەدەن بۆ ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك.

دووپاتیشی كردەوە، ئەو چەكدارە یەكێك بووە لەوانەی كە بەشداربووە لەهێرشەكانی سەر پارێزگای كەركوك لە 21 ی مانگی رابردوو ، بەڵام بەهۆكاری تەناهی وردەكاری زیاتری لەسەر ئاشكرا ناكەین.

بەر لە دوو هەفتە زیاتر لە 100 چەكداری داعش دزەیان كردە پارێزگای كەركوك و پاشتر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسەوە ژمارەیەكیان لێ كوژرا و ژمارەیەكی كەمیان هەڵاتن.



سەبری هۆرینی



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د