ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو كۆ دەبنەوە

:: AM:10:44:13/09/2017 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی سێ‌ قۆڵی ئەنجام بدەن و پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردسان بخەنە گفتوگۆ.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەبوبەكر هەڵدەنی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕاستە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەگەڵ یەكێتی و پارتی لەشاری هەولێر بەڕێوە دەچێت، بەڵام من بەشدار نیم وەك سەرۆك فراكسیۆن كەسی تر بەشدارن.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش لە سەرچاوەیەك دەست "وشە" كەوتووە،شاندی یەكێتی سەعدی پیرە و شۆڕش ئیسماعیل و ڕزگار عەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان پێكهاتوون.

شاندی پارتی لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و هەریەك لە ئازاد بەرواری و ڕۆژ نووری شاوەیسئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتوون.

ئێستە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەیە لەگەڵ ژوورەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەڵامدانەوەی یەكێتی و پارتی،پێدەچێت شەو یان سبەی كۆبوونەوەیەكی تر لەنێوان پێنج لایەنەكە لە شاری سلێمانی بۆ گەیشتن بە ئەنجام ساز بكرێت.

دوێنێ‌ مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كۆبوونەوەكە زۆر قسەی راشكاوانەی تێدا كراوە و حەوت خاڵەكەی یەكێتی گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، گۆڕان قسەی خۆیان كردووە و ئەگەر بەم شێوەیە بن، ئەوە موژدەی ڕێككەوتن رادەگەیەنین.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دوا خراوە بۆ سبەی یان زۆر زۆر بۆ دوو سبەی، چونكە گۆڕان ئەو پرسانە دەبەنەوە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەكانیان.

مەلا بەختیار دووپاتی كردەوە كە بۆچوونەكان هاوبەشن و هەندێ‌ پرسی تەكنیكی و چۆنیەتیی بڕیارەكان ماوە كە چۆن بڵاو بكرێتەوە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تر لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن و دوایین قسەی ئەوانیش وەردەگرن و لە دوای هەموو ئەو كۆبوونەوانە كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی بەڕێوە دەچێت بۆ دووپاتكردنەوەی ڕێككەوتنەكەی نێوانمان.



وشە - رامیار جەواد