لە كەركووك خانووی كەسوكاری شەهیدان داگیر دەكرێت

:: PM:08:17:14/11/2017 ‌
نووسراوێك بڵاو كراوەتەوە كە واژووی ڕاكان سەعید پارێزگاری كەركووكی بە وەكالەت لەسەرە و داواكراوە كە شوقە و خانووەكانی كەركووك كە بە سەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش كراوە، وەربگیرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی تشرینی دووەم، نووسراوێك بڵاو كراوەتەوە كە "وشە" وێنەیەكی بڵاو دەكاتەوە تێیدا لەسەر بڕیاری پارێزگاری كەركووكـ (بەوەكالەت)، سەرجەم ئەو خانووانەی گەڕەكی پەنجا عەلی لە كەركووك كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش كراوە بەسەر كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی شەڕی داعش، لێیان وەردەگیرێتەوە.

نووسراوەكە بەرواری دووی تشرینی دووەمی بەسەرەوەیە و مۆڵەتی كۆتایی دراوەتە ئەو ماڵانە كە زیاتر لە 200 ماڵن، بەڵام نیشتەجێبووانی ئەو خانووانە ئامادەنین ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ بكەن.

لەبارەی ئەو نووسراوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نازانن تا چەند ئەو نووسراوە ڕاستە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەكەن و دەبێت لە ڕاستییەكەی دڵنیا ببنەوە. ڕوونی كردەوە كە ئەوان بەدوای نووسراوێكی لەم شێوەیەدا دەگەڕێن تا بیسەلمێنن كە كەركووك لە چ دۆخێكی مەترسیداردایە.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند بەرپرسێكی یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون، هێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، هاووڵاتییانی ئەو شارە ئاوارە بوون و تا ئێستەش شارەكە لە ژێر سێبەری سەربازیدایە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم