خۆكوشتن بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیادی كردووە

:: PM:05:57:10/01/2018 ‌
بەپێی لێدوانی پۆلیس و لایەنەپێوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان رێژەی خۆكوشتن ڕوو لە زیاد بوونە بەجۆرێك تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێژەیەكی بەرز لە خۆكوشتن تۆمار كراوە و بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی هۆكاری بەرزبوونەوەی رووداوەكانی خۆكوشتن روون دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی كانوونی دووەم، كوردە عومەر بەرێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خۆكوشتن بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیادی كردووە و نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، هاوكات زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەكوژن لە هەردوو ڕەگەز گەنجن.

زیاتر گوتی، هۆكار زۆرن بۆ زیادبوونی حاڵەكانی خۆكوشتن، كە تەنگژەی ئابووری و كێشەكانی كۆمەڵایەتی و خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا هۆكاری ترە بۆ بەرزبوونەوەی دیاردەی كوشتن و خۆكوشتنی پیاوان و ژنان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە دەزگە پێوەندیدارەكانەوە دەستی كەوتووە لە سەرەتای ساڵی نوێوە تا ئێستە نزیكەی 12 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن تۆمار كراون و رۆژانەیش ئەو ڕێژەیە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات سەرباری ئەوەی جۆرەكانی خۆكوشتن بەشێوەی جۆراوجۆر تۆمار كراون.


 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم