وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاری لەسەر چەند خەرجییەك دا

:: PM:03:49:16/01/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەند دەبێت بە خەرجكردنی پارەی چەند خەرجێكی فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش چوار خاڵی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی كانوونی دووەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە نووسراوێكدا كە "وشە" وێنەیەكی بڵاو دەكاتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە بڕیار دراوە بە جێبەجێكردنی چەند خاڵێك، لەوانە خەرجكردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانەی فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێكردنەوەی پێشینەكان، هەروەها لە خاڵی دووەمدا ئاماژە بەوە كراوە كە وەزارەتی دارایی پابەندە بە خەرجكردنی كرێی ئاو و كارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەكان بە پێی پسوولە.

لە بەشێكی تری نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە كراوە، لە چوارچێوەی پێشینەی بەردەوامی مانگانە دەكرێت بڕی 600 هەزار بۆ كەلوپەلی زۆر پێویست خەرج بكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە كردووە كە جگە لە جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە، خەرجكردنی هەر پارەیەك لە فەرمانگەكانی حكوومەت دەبێت بە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بێت.

نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:





وشە - سه‌رخێڵ هاشم