جگه له‌وه‌ی گرووپی كۆمپانیاكانی ڤۆڵكس ڤاگن جارێكی تر وه‌ك پڕفرۆشترینی دنیا مانه‌وه، كۆمپانیای مارسیدسیش ڕێژه‌ی پێوانه‌یی له فرۆشدا تۆمار كرد.
گرووپی كۆمپانیاكانی ڤۆڵكس ڤاگن، له ساڵی 2017، توانی بۆ جارێكی تر ببێته‌وه به پڕفرۆش‌ترین ئۆتۆمبێلی دنیا و 10 ملیۆن و 700 هه‌زار ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری فرۆشتووه، ئه‌مه‌ش وێڕای ئه‌و كێشانه‌ی له ساڵه‌كه‌شدا به‌هۆی سلێنده‌ری به‌نزینی جۆری پاسان هه‌یبوو، به‌ڵام كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی كه ڕكابه‌رییه‌تی، نه‌یتوانی پێشه‌نگی لێ بستێنێ.
ڤۆڵكس ڤاگن گرووپێكی گه‌وره‌یه و جگه له هێمای خۆی، هه‌ریه‌ك له ئاودی، پۆرش، بینتڵی، شكۆدا و چه‌ند جۆرێكی تر له‌خۆی ده‌گرێ و هه‌مووی له‌ژێر ئه‌و كۆمپانیایه هه‌ژمار ده‌كرێ، بۆیه توانیویه‌تی ئاستی فرۆشی به‌رهه‌می ئه‌ڵمانی بخاته لووتكه.
ته‌نیا له فرۆشتنی ئاودی و پۆرشدا، زیاتر له 264 ملیار دۆلار سه‌رمایه‌ی بووه.
لای خۆیه‌وه كۆمپانیای مارسیدس ڕای گه‌یاند، توانیویانه له ماوه‌ی 12 مانگی ساڵی ڕابردوو، فرۆشیان بگه‌یه‌ننه دوو ملیۆن و 289 هه‌زار و 344 دانه، ئه‌مه‌ش به‌رزترین ئاستی فرۆشی ئه‌و كۆمپانیایه‌یه كه ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها دروست ده‌كات و به ڕێژه‌ی نزیكی 10% به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2016 زیادی كردووه.
به‌پێی ئاماری بازاڕی ئه‌وروپا، كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان له بره‌ودان و فرۆشیشیان به زۆری هه‌ر له ئه‌وروپایه ئینجا ئه‌مه‌ریكا و چین و وڵاتانی تری دنیا.