هۆكاری خۆ خنكاندنی پیاوە تەمەن 67 ساڵانەكەی هەڵەبجە ئاشكرا بوو

:: PM:08:02:07/02/2018 ‌
پۆلیسی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە رای گەیاند، پیاوێكی تەمەن‌ 67 ساڵ خۆی‌ خنكاندووە و پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوەكانی كردووە.

ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەم حەوتی شوبات، رائید بەرزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، سەعات پێنجی ئێوارەی‌ ئەمڕۆ لەناو غاباتەكانی گوڵان لە پارێزگای هەڵەبجە پیاوێكی تەمەن 67 ساڵ بە ناوی (س. ك. ل) دانیشتووی گەڕەكی سەرا لە هەڵەبجە، خۆی خنكاندووە.

پۆلیسی هەڵەبجە ڕای گەیاندووە كە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و دەركەوتووە ئەو كەسە بەهۆی بێتاقەتییەوە لە ژیان خۆی خنكاندووە.

تانیا عەلی توێژەری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خۆ كوشتن حاڵەتێكی دەروونییە و زۆرجار بەهۆی كێشەیەكەوە مرۆڤ پەنای بۆ دەبات، بەڵام هیچكات خۆكوشتن چارەسەری كێشەكان ناكات.

ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە پێی وایە، كە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی كوشتن ئێستە هەیە پێوەندی بە تەنگژەی داراییەوە هەیە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو چەندان كەس لە سنووری سلێمانی خۆیان كوشتووە و هاوكات بەپێی ئامارەكان تەنیا لە سلێمانی لەماوەی مانگی ڕابردوو نزیكەی 11 كەس خۆیان كوشتووە.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم