ئێران داوای زیاتر لە ملیارێك دۆلار وەك قەرەبوو لە عێراق دەكاتەوە

:: PM:04:51:09/08/2018 ‌

دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری پابەندی حكوومەتەكەی بە جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران راگەیاند، گەورە بەرپرسی ئێران داوای دانەوەی بڕی زیاتر لە ملیارێك دۆلار لەلایەن عێراق بە وڵاتەكەی كرد وەك قەرەبووی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران.

عێراق و ئێران لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو لە ماوەی فەرمانڕەوایی سەدام حوسێن، سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق و خومەینی، رابەری شۆڕشی ئێران (كۆچكردوو)، ماوەی هەشت ساڵ جەنگێكی سەختیان هەڵگیرساند و بەو هۆیەوە سەتان هەزار كەس لە هەردوو لا كوژران و بریندار و ونبوون بوون كە تا ئێستەیش بەشێكیان چارەنووس و تەرمەكانیان دیار نییە.

مەحموود سادقی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم لە تویتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" نووسیویەتی، پێویستە عێراق بڕی 1.1 ملیار دۆلار وەك قەرەبووی ئەو جەنگەی لە دژی ئێران هەڵیگیرساند، بدات، زیاتر گوتی، ئێران پێشتر بە هۆی رەچاوكردنی دۆخی سەختی عێراق داوای قەرەبووی جەنگەكەی نەكردبوو.

لەبارەی لێدوانەكانی سێشەمی رابردووی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پابەندی حكوومەتەكەی بە جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، گوتی، ئێستە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بری قەرەبووكردنەوە، پابەندی سزاكانی ئەمەریكایە لە دژی تاران.

قۆناغی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی تاران لە بەرەبەیانی سێشەمی رابردوو هاتە جێبەجێكردن، لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سزاكانی بۆ سەر ئێران بە توندترین تا ئێستە وەسف كرد كە لە تشرینی دووەمی داهاتوو توندتریش دەبێت، هاوكات هەڕەشەی لە هەر لایەنێك كرد كە هاریكاری ئێران بكات، بەوەی پێوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا لەدەست دەدات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل