پەرلەمان نرخی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆکان داده‌به‌زێنێت

:: PM:01:50:22/08/2019 ‌

ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێ، گفتووگۆكانیان له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای تاپۆكردنی خانووی سه‌ر زه‌وییه‌ زێدەڕۆكان به‌رده‌وامه‌ و تێبینییان له‌سه‌ر نرخه‌كان هه‌یه‌ و بڕیاره‌ نرخه‌كان بۆ كه‌مترین ئاست دابه‌زێنن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان سودمه‌ند بێت.


ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، شوان زراری ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە "وشه‌"ی راگەیاند، گفتوگۆكانی لیژنه‌ی شارەوانی له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی راپۆرتی پڕۆژه‌یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شی له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێك خاڵ هه‌یه‌ پێویستی به‌ ورده‌كاری و گۆڕانكاری هه‌یه‌.

زیاتر روونی دەکاتەوە، خه‌ڵک گله‌ییان له‌سه‌ر نرخه‌كان هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ گفتوگۆداین بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كان دابه‌زێنین چونكه‌ به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌ نرخی هه‌ر مه‌ترێك زه‌وی له‌ سه‌نته‌ری شاره‌وانی شارۆکە و شارەدێکان 40 هه‌زار دیناره‌ و له ‌پارێزگاكانیش 60 هه‌زار دیناره‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت نرخه‌كه‌ دابه‌زێنین بۆ كه‌مترین ئاست بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بتوانن پاره‌كه‌ بدەن.

"بڕیاری تاپۆكردنی خانووی سه‌ر زه‌وییه‌ زێدەڕۆكان هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناو شاره‌وانییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌وانییه‌كان ناگرێته‌وه‌" شوان زراری وای گوت.


ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، هه‌ركاتێك راپۆرتی خۆمان ئاماده‌ كرد ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پڕۆژه‌یاساكه‌ په‌سند ده‌كرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 446 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌