دارگوێزەكانی هەورامان نەخۆشن

:: AM:08:50:02/05/2020 ‌
وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكرای دەكات، دارگوێزەكانی هەورامان نەخۆشی لەسەر قەدەكانیان بڵاو بووەتەوە و پێویستیان بە چارەسەرە.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاشكرا كراوە، لە ‌ساڵی 2018 چە‌ند پسپۆڕێك لە‌ بەشی پاراستنی رووەك، سە‌ر بە‌ بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی گشتی كشتوكاڵی هە‌ڵە‌بجە‌ بەمەبەستی قەڵاچۆكردنی نەخۆشی دارگوێزەكانی ناوچەی هەورامان، سەردانی ناوچەی هەورامانیان كرد بەمەبەستی دیاریكردن و هۆكاری نەخۆشییەكە و چارەسەركردنی. 

نەخۆشی بەكتریایی و كەڕوو هۆكاری نەخۆشییەكەن كە لەسەر قەدی دارگوێزەكانن كە پێویستە قەڵاچۆ بكرێن
ڕوون كراوەتەوە، پاش بەدواداچوون و پشكنین و ‌دەرچوونی ئەنجامەكان، دەركەوت هەردوو نەخۆشی بەكتریایی و كەڕوو هۆكاری نەخۆشییەكەن كە لەسەر قەدی دارگوێزەكانن كە پێویستە قەڵاچۆ بكرێن.

باس لەوەش كراوە، هەریەك لە بەشی پاراستنی ڕووەك و ڕێنوێنیی كشتوكاڵی، توانرا قڕكەی پێویست و تایبەت كە كار لەسەر هەردوو هۆكاری نەخۆشییەكە دەكات دابین بكرێت، بۆ هەڵمەتی قەڵاچۆكردنەكە، بەبێ بەرانبەر دابەش دەكرا بەسەر باخەوانان.

لەبارەی چارەسەری تەواوەتی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەی باس كردووە، بەشێكی باخەوانان نەهاتن بەدەم تیمەكەمانەوە، لەبەرئەوەی دانیشتووی ناوچەكە نەبوون و لە شارەكانی تر نیشتەجێن، ئەوانەشیان كە هاتن بە دە‌م تیمە‌كە‌مانە‌وە‌، بە‌ تەواوی  ڕێنوێنییە‌كانیان جێبەجێ كرد و دوای 15 ڕۆژ دووبارە قڕكە‌ریان بەكار هێنایەوە و 100% كۆنترۆڵ كرا، بەڵام بەشێك لە دارەكان بە تەواوی نەخۆشییەكە كاری تێكردبوون و بەرەو وشكبوون ڕۆیشتبوون و ڕێژەی نەخۆشییەكە لەسەریان زۆر بوو.




وشە - رامیار جەواد