هەرێمی پیرۆزی شیعە لە عێراق

PM:03:24:23/09/2019 ‌

یەكەم/ ناوی فەرمی: ئەم هەرێمە نافەرمییە جارێ بوونی نییە، لە دوای ساڵی 2003وە لەلایەن گرووپ و پارتەكانی شیعەی عێراق و ئێران هەوڵ بۆ دروستكردنی دەدرێت و ئێستە هەوڵەكە گەیشتووەتە ترۆپك و دواجار دەبێتە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتی عێراقدا.
دووەم/ پایتەخت: نەجەف.

سێیەم/ ژمارەی دانیشتووان: 4.080.000 كەس.

چوارەم/ ڕووبەر: 38.980 كلیۆمەتر چوارگۆشە.

پێنجەم/ دابەشی كارگێڕی: لە سێ پارێزگا پێكهاتووە، بریتین لە پارێزگاكانی نەجەف، كەربەلا، بابل كە دابەش كراون بەسەر 13 شارۆكە و 41 شارەدێ .

شەشەم/ نەتەوە: ئەم هەرێمە زۆرینەی عەرەبە و كەمینەی نەتەوەكانی كورد و فارسن.

حەوتەم/ ئاین: بە ڕێژەی 100% شیعەی ئیسلامن.

هەشتەم/ مێژوو: ئەم هەرێمە نافەرمییە لە دوای ساڵی 2003وە هەوڵ بۆ دروستكردنی دەدرێت لەلایەن گرووپ و پارتەكانی شیعەی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە, لەو سێ پارێزگایەی هەرێمی پیرۆزی شیعە، پاكتاوی ئاینی سوننە كراوە و ئێستە بە تەواوی سوننە لەو سێ پارێزگایە بوونیان نەماوە. 

بۆچی هەرێمی پیرۆزی شیعەیان لێ دروست دەكرێت؟ زۆرترین مەزار و شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لەو سێ پارێزگایە هەڵكەوتوون، هەرچەندە گەلێك مەزار لە پارێزگای بەغدا و سەڵاحەدین بوونیان هەیە و چەندان پارێزگای تر زۆرینەی دانیشتووانی شیعەن، بەڵام لە رووی جیۆگرافییەوە لە دەرەوەی هەرێمی پیرۆزی شیعەن. 

لە نێوان ساڵانی (2003_2017) نزیكەی 79 هەزار كەسی سوننە كوژراون و 490 هەزاریش خرانە گرتووخانەوە، نزیكەی 198 ناوچە و دێی سوننە پاكتاو كراون و نزیكەی 290 مزگەوتی باوەڕدارانی سوننە لەناو براون، بەوەیش ئەو سێ پارێزگایەی هەرێمی پیرۆزی شیعە بە تەواوی بە شیعە كراون.

دوای سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە 2013 لە سووریا و لە حوزەیرانی 2014 لە مووسڵی عێراق و دواتر داگیركردنی زۆر ناوچەی تر، خەڵكێكی زۆر ئاوارەی پارێزگاكانی تر و هەرێمی كوردستان بوون، ئەوەبوو بە فەتوای سەید عەلی سیستانی ڕابەری باڵای شیعەكانی عێراق، حەشدی شەعبی شیعی عێراق دامەزرا كە ئێستە پێكهاتووە لە 79 گرووپ بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لە خاكی عێراق. 

دوای ئەوەی (داعش) لە عێراق لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تێكشێنرا، لە 25ی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانیشەوە ئەنجام درا و (93%) بە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" دەنگی دا، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سوپای عێراق و حەشد بە هاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشیان كردە سەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان كە پێشمەرگە دەیپاراستن لە داعش، بە هاوكاری گرووپێك لەناو حزبێكی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا داگیریان كردن، دواتر پێشڕەوییان دەكرد بە ئامانجی داگیركردنی تەواوی كوردستان و سڕینەوەی قەوارەكەی، تا رۆژانی دواتر لە ناوچەكانی پردێ و سحێلا و زومار و شوێنەكانی تر، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە هێرشیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان تێكشێنرا و نەیانتوانی زیاتر پێشڕەوی بكەن، بەڵام تا ئێستە بەردەوامن لە دژایەتی هەرێمی كوردستان.

دەمەوێ بڵێم ئەو رووداوە هەروا ئاسایی نەبوو لە جووڵەیەكی سەربازیدا، زیاتر پێوەندی بەو ئەقڵە گەورەیەوە هەبوو كە فراوانخوازی بۆ شیعە دەكات و لەو هەرێمە پیرۆزەوە بەرنامەداڕێژی دەكەن، چونكە شیعەی لبنان و ئێرانیش بە گرووپی چەكداری بەشدار بوون لەو هێرشانەدا.

سەرچاوە:

_1یاسین سابر ساڵح - ئینسایكڵۆپیدیای گشتی / سلێمانی 2005.
_2فڕانسوا توال - جیۆپۆڵەتیكی شیعە. و: بەختیار ئەحمەد ساڵح-سلێمانی 2005.
_3ئاسۆ حاجی: نەجەف لە چاوەڕوانیی ئیمامدا- هەولێر 2019.
_4ئینتەرنێت - ویكیپیدیای ئازاد.