16ی ئۆکتۆبەر.. ڕۆژی خیانەت

PM:08:02:16/10/2020 ‌
‏لە 16ى ئۆکتۆبەردا بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ شکست پێهێنانی ڕیفراندۆمە مێژووییەکەی کوردستان کە سه‌رۆك بارزانی سەرکردایەتی دەکرد بە ئامانجی سەربەخۆیی، بوونە چاوساغ و دەڵاڵی ڕاکێشان چەکدارانی میلیشیای پێ پەتی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکران و لەسەر سینیەکی زێڕین قوربانی دەیان ساڵەی کوردیان بە ھەدەر دا و کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانیان بە چەند سەعاتێک پێشکەشکردن بە پارە.

‏مێژوو 16ى ئۆکتۆبەر وەک خیانەتی گرووپێک دەنوسێتەوە و ئەو مامەڵە نهێنییەی ماڵی تاڵەبانی و جەنگی وەک سووکایەتی بە خەبات و قوربانیدانی 100 ساڵەی کورد تۆمار دەکات، کە خیانەت  بوو لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان، کە لە کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەناوی هەموو مرۆڤایەتییەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بەدەستهێنانەوەی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان دەکرد، کەچی کۆمەڵێ هەرزەی بەرچاوتەسکی ناسیاسی، بە چەند سەعاتێک 51%ی خاک لەدەست دەدەن.

ڕادەستکردنى ئەو ڕووبەرە زۆرەى خاکى کوردستان کە دەیان شۆڕش و قوربانی بۆ دراوە، لەکاتێکدا بوو کە تەنیا لە سێ ساڵى ڕابردوودا بە خوێنى 1700 پێشمەرگەى کوردستان و زیاتر لە 12 هەزار بریندار پارێزرابوون.

بەو خیانەتەیشەوە کە تاڵەبانییەکانی نەوەی دووەم کردیان، هێشته‌یش دەبوو عەرەب و شیعە تووشی ئەو ھەڵە نەبوونایە کە دوای چەند کەسێکی مناڵکاری بێ ئەزموونی وەک ئەوانەی بنەماڵەی تاڵەبانی بکەون و بەرانبەر ھەموو گەلی کورد بوەستنەوە، چونکە سیاسەتی شۆڤێنیانە و نکوڵیکردن لە عێراقدا هیچ ئەنجامێکی نەبووە و نابێت و مێژوو تاقیکردنەوەی زۆر تێدایە.

پارتی هەمیشە داوای کردووە کەرکووک نموونەی پێکەوەژیانی (ئاشتییانە) بێت، بەڵام ناسنامەی کوردستانی بێت، جگە لەوە ھیچ شتێکى تر بۆ دڵی کوردستان قابیلی قبووڵ نییە.

سەرۆک بارزانی لە چەند لێدوانیکدا ئاماژەی بە خیانەتی 16ى ئۆکتۆبەر داوە وتی ئەو کردەوە ڕۆژێکی تاریکە لە مێژووی گەلەکەماندا و هەرگیز لە بیر ناکرێت و دەبێت وانەیەک بێت بۆ هەموو تاکێکی کوردستان دەبێت ئەبێت ئەو گرووپە دادگایی بکرێت بەرانبەر دۆڕاندنی خاکی هەرێمی کوردستان و خوێنی پێشمەرگە. دواجار بنەماڵەی تاڵەبانی به‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌یان سه‌رشۆڕانه‌ خۆیان خزاندە‌ ناو لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌كانی مێژووی گه‌له‌كه‌مان و بۆ خەڵکی ڕوون بووەوە کێ جاش و دژە کوردە.